زێلێنسکی: کات نەماوە بۆ چاوەڕوانی کردن گەمارۆ بخەنە سەر نەوتی ڕووسیا
پەیامی کورد... زێلێنسکی: کات نەماوە بۆ چاوەڕوانی کردن گەمارۆ بخەنە سەر نەوتی ڕووسیا
سەرۆکی ئۆکراینا، دەڵێت، وڵاتەکەی کاتی نەماوە بۆ چاوەڕوانی کردن، هاوکات داوای کرد وڵاتانی ڕۆژئاوا گەمارۆ بخەنە سەر نەوتی ڕووسیا.
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە ٤٥مین ڕۆژی جەنگی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیا بە پێویستی دەزانێت سنووردارکردنی توندتر بەسەر ئابووری ڕووسیادا بسەپێنرێت.
سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند: "کاتی چاوەڕوانی نییە. ئازادی کاتی نییە بۆ چاوەڕوانی کردن. ڕووسیا لەوانەیە ئەوە لێک بداتەوە هێز و پێداویستی سەربازیی زیاتر بهێنێتە وڵاتەکەمان. پێویستە دەست بەجێ (وڵاتان) بکەونە خۆ و گەمارۆی نەوت بەسەر داپڵۆسێنەردا بسەپێنن".
زێلێنسکی تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن بە پاکێجی پشتیوانی ئابووری و بەرگرییەوە سەردانی ئۆکراینای کردووە، وتی: "پێشوازیکردن لە جۆنسن شکۆمەندییەکی مەزنە، سیاسەتەکانی شانشینی یەکگرتوو بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا تا هەتایە لە مێژوودا تۆمار دەکرێن".
ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی سوپاسی هەریەک لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین و سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، جەستن ترۆدۆی کرد کە لە میانی هەڵمەتی "هەڵستنە سەر پێ بۆ ئۆکراینا" بەڵێنیان داوە بە تێکڕایی بە زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار هاوکاری ئەو ئۆکراینییانە بکەن کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە بۆ ناوخۆ و دەرەوەی ئۆکراینا ئاوارە و دەربەدەر بوون.