زەریف : دەست پێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران خۆکوشتنی ئەمریکا دەبێت
پەیامی کورد ... موحەمەد جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی لە ووتوووێژ لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی " ئێن بی سی " NBC ئەمریکی هۆشداری تووندی دایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە دەست پێکردنی شەڕ لەگەڵ ئێران وەکوو خۆکوشتن دەبێ بۆ ویلایەتەیەکگرتووەکان .
بە پێی ڕاپۆرتێک لە کەناڵی NBC زەریف لە ووتوووێژێکدا لە میانەی دانیشتنی ئەمنییەتی میونشێن ئەنجام بوو ، ڕایگەیاندووە هەمان ئەو کەسانەی کە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا شەڕی ئەمریکایان لەگەڵ عێراق خستە ڕێ ، بە دوای ڕێکخستنی شەڕ لەگەڵ ئێرانن و ئەم کارە ، خۆکوشتنە بۆ ئەوان .
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران ووتی : " ناڵێم دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا ، بەڵکوو دەڵێم هەندێک کەس لە ناو دەوڵەتی ترامپ دا لە هەوڵی ئەوەدان بۆ ئەم شەڕە ئامادەکاری بکەن کە بۆ ئەوان وەکوو خۆکوشتن وایە .
جێگای ئاماژە پێدانە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی دۆناڵد ترامپ تاریکتر و ناخۆش بووە . سەرۆککۆماری ئەمریکا ئێرانی بە تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکە و پاڵپشتی کردنی تێرۆریسمی جیهانی تاوانبار کرد .