ئاکسیووس : دۆناڵد ترامپ و جەی دی ڤەنس یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژوو کردووە
PeyamaKurd - ئاکسیووس : دۆناڵد ترامپ و جەی دی ڤەنس یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژوو کردووە
دووشەممە، ماڵپەڕی "ئاکسیووس" لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترامپ و جەی دی ڤەنس یاداشتی لێک تێگەیشتنەکەیان لەگەڵ ئێران واژوو کردووە و لە لایەنی ئێرانیشەوە محەممەدباقر قاڵیباف واژووی لەسەر کردووە. ئەم هەنگاوە دوای دانووستانە چڕەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دێت کە تێیدا هەردوولا گەیشتنە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکە.
هەروەها بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز"، پشت ڕاستی کردووەتەوە کە لایەنی ئەمریکی و ئێران یاداشتی لێک تێگەیشتنەکەیان واژوو کردووە.
ڕۆیتەرز ئاماژەشی داوە، ئەم تێگەیشتنە نوێیە جەخت لەسەر دوو هەنگاوی بەپەلە دەکاتەوە : یەکەمیان، کردنەوەی دەست بەجێی گەرووی هورموز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتی دا، و دووەمیان، هەڵگرتنی ئەو گەمارۆ و ئابڵۆقە دەریایی یانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەکەدا سەپاندبووی.