ئەمریکا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگایەکی ٦٠ ڕۆژە ڕێککەوتن
PeyamaKurd - ئەمریکا و ئێران لەسەر نەخشەڕێگایەکی ٦٠ ڕۆژە ڕێککەوتن
قەتەر و پاکستان ڕایانگەیاند کە ئێران و ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لەسەر نەخشەڕێگایەک بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا و پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵای چاوەدێری ڕێککەوتوون.
نێوەندگیران لە بەیانییەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایانگەیاندووە: "یەکەمین دانیشتنی دانووستانە ئاست باڵاکان لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد لە ناوچەی "بۆرگنستۆک"ی سویس بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئێران، ئەمریکا و هەر دوو ووڵاتی نێوەندگیر، قەتەر و پاکستان کۆتایی پێهات.
بەپێی ئەم بەیانییەیە، لێژنە باڵاکە چاودێری سیاسی پرۆسەی نێوەندگیرییەكە دەکات و گرووپە کارییەکان سەرنج دەخەنە سەر بابەتە ئەتۆمییەکان، گەمارۆوەکان و چارەسەرکردنی ناكۆكییەكان.
هەروەها هاتووە کە هێڵێکی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکاندا بۆ ڕێگری کردن لە ڕووداوی نەخوازراو و دڵنیابوونەوە لە تێپەڕبوونی ئارامی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورموزدا درووست کراوە.
هاوکات، تاران و واشینتۆن لەسەر پێکهێنانی "ناوهندێکی کەم کردنەوەی گرژییەکان" لە نێوان خۆیان و لوبنان بە ئاسانکاری نێوەندگیران ڕێککەوتوون، تاکوو پابەندبوون بە کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە لوبنان مسۆگەر بکرێت.
دانووستانەكان لەسەر گشت بابەتەکان تا کۆتایی هەفتە لە سوئیس بەردەوام دەبن.