بانگەشەی پزشكیان سەبارەت بە "حەز نەكردن بە ململانێیەکان "؛ هاوکات لەگەڵ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا
PeyamaKurd - بانگەشەی پزشكیان سەبارەت بە "حەز نەكردن بە ململانێیەکان "؛ هاوکات لەگەڵ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا
مەسعوود پزشكیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان، شەهباز شەریف، بانگەشەی کرد کە کۆماری ئیسلامی "هیچ نیازی ململانێی لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەیی و دراوسێ نییە".
لەم وتووێژەدا، پزشكیان هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە تەنیا ئەو بنکانەی لێیانەوە هێرش دەکرێتە سەر خاكی ئێران، لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە "مافی بەرگری شەرعی" ناوی بردووە، دەکرێنە ئامانج.
لە كاتێك دا، پایگای زانیاری حكوومەتی كۆماری ئیسلامی كە هەواڵی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی بڵاو كردووەتەوە، هیچ ئاماژەیەكی بە كاردانەوەی سەرۆك وەزیرانی پاكستان بەو بابەتە نەكردووە.
ئەمەش لە کاتێک دایە کە پاکستان پێشتر لە ڕێگەی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ووڵاتەکەیەوە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ووڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەرمەزار کردبوو و هاوسۆزی لەگەڵ ئەو ووڵاتانە ڕاگەیاندبوو.