ترامپ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕادەگەێنێت
PeyamaKurd - ترامپ هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز ڕادەگەێنێت
ماڵپەڕی "ئاکسیووس"ی ئەمریکی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، کار بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی فراوان بۆ کردنەوەی دووبارەی گەرووی هورمز دەكات، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بە فەرمی ڕابگەێندرێت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ترامپ تەنیا بە فشاری سەربازی ناوەستێت، بەڵکوو بژاردەی کۆنترۆڵ کردنی دامەزراوە نەوتییە گرینگەکانی دوورگەی "خارگ"ی ئێران تاوتوێ دەکات.
ئەم هەنگاوە پێویستی بە هێزی زەمینی ئەمریکا هەیە، وەک ووڵامێکە بۆ بەردەوامی دەست بەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن ئێرانەوە.
بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، کۆنترۆڵکردنی ئەم دوورگەیە دەبێتە کوشندەترین گورزی ئابووری بۆ سەر تاران، چوونکە 90%ـی هەناردەی نەوتی ئەو ووڵاتە لەوێوە دەكرێت.
ترامپ لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیاڵ" و لێدوانەکانی بۆ ڕۆژنامەنووسان، داوای لە ووڵاتانی (چین، فەرەنسا، ژاپۆن، کۆریای باشوور و بەریتانیا) کردووە بە کەشتی جەنگی و درۆن بەشداری لەم هاوپەیمانییەدا بکەن کە ناوی نراوە "هاوپەیمانی هورمز".
ترامپ ڕایگەیاند: "ئێمە لەگەڵ چەندین ووڵات قسەمان کردووە و ووڵامی باشمان وەرگرتووە." ووتیشی: "زۆربەی ئەم نەوتە هی ئێمە نییە، بۆیە ئەگەر ئەو ووڵاتانە دەیانەوێت نرخەکەی دابەزێت، دەبێت هاوکار بن لە پاراستنی گەرووەکەدا."