ترامپ : یان بە تووندی لە ئێران دەدەین یان ڕێککەوتنێکی باش واژوو دەکەین
PeyamaKurd - ترامپ : یان بە تووندی لە ئێران دەدەین یان ڕێککەوتنێکی باش واژوو دەکەین
دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە دۆخەکە تەنیا دوو بژاردەی لەپێشە؛ یان هێرشی زۆر تووند بۆ سەر ئێران یان واژوو کردنی ڕێککەوتنێکی باش. بڕیاریشە لەگەڵ تیمی باڵای لێهاتووی خۆی و سەرکردەکانی ناوچەکە دۆخەکە تاوتوێ بکات.
تاران ڕایگەیاندووە کە لە قۆناغی کۆتایی گفتوگۆکان دان بۆ واژۆکردنی یاداشتێک (MOU) کە کۆتایی هێنان بە جەنگ، کردنەوەی قۆناغ بە قۆناغی گەرووی هورموز، و لادانی گەمارۆوەکان لەخۆدەگرێت، لەگەڵ پێدانی ٣٠ بۆ ٦٠ ڕۆژ بۆ دانووستانی گشتگیر.
ترامپ و مارکۆ ڕوبیۆ جەخت دەکەنەوە کە دەبێت ئێران بە تەواوی دەست بەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت و گەرووی هورمز بەبێ هیچ باج و سەرانەیەک بکرێتەوە.
ھەروەھا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە پەیوەندی تەلەفۆنی "زۆر باشی" لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە (سەعوودیە، ئیمارات، قەتەر، پاکستان، تورکیا، میسر، ئوردن و بەحرەین) ئەنجام داوە سەبارەت بە یاداشتی لێک تێگەیشتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە لە نێوان ئەمریکا، ئێران و ووڵاتانی دیکەدا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و ئێستا تەنیا باس لە ووردەکارییەکان دەکرێت.
ترامپ ئاشکرای کرد کە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "زۆر باشی" لەگەڵ بێنیامین ناتانیاهوو ئەنجام داوە و موژدەی ئەوەشی دا کە بەپێی ڕێککەوتنەکە گەرووی هورمز دەکرێتەوە.
لە لایەكی دیكەوە پێگەی ئاکسیووس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە کە واشینتۆن و تاران زۆر نزیکن لە ڕێککەوتن؛ کەلێنەکانی ئێستا تەنیا پەیوەستن بە داڕشتنی دەقەکە نەک ناوەڕۆکەکەی.
تیمی باڵای دانووستانکاران (جەی دی ڤەنس، کۆشنەر، ڤیتکاف و قاڵیباف) ڕەزامەندییان لەسەر ڕەشنووسەکە دەربڕیوە و دەقەکە بۆ بڕیاری کۆتایی نێردراوە بۆ سەرکردایەتی هەردوو ووڵات.
سەرەڕای گەشبینییەکان، هێشتا سێ پرسی سەرەکی یەکلایی نەکراونەتەوە؛ ڕادەست کردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو، پرسی وەرگرتنی باج لە گەرووی هورمز لەلایەن ئێران ەوە، و لادانی گەمارۆوە ئابوورییەکان.
جەی دی ڤەنس گەڕاوەتەوە واشینتۆن و ترامپ پەیوەندی بە سەرکردەکانی ناوچەکەوە دەکات؛ لە لایەکی دیکەش ەوە ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی کۆتایی لەژێر پێداچوونەوەدایە.