TR KU SO
FB X
Cîhan

جێگری پارێزگاری حەسەکە : تاکە زمانی فەرمی سووریا عەرەبی یە

سارێ بێ
Sosyal Medya
📅 09 Mayıs 2026 07:16

PeyamaKurd - جێگری پارێزگاری حەسەکە : تاکە زمانی فەرمی سووریا عەرەبی یە

ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە ڕایگەیاند، ئەو لادانەی لەسەر تابلۆوەکانی "کۆشکی داد" لە شاری حەسەکە ڕوویدا و زمانی کوردی لێ لابرا، تەنها جێ بەجێ کردنی ئەو یاسا و دەقە دەستوورییانەیە کە لە دەوڵەتی سووریادا کاریان پێ دەکرێت.

هیلالی هەینی لە ڕوونکردنەوەیەک دا جەختی کردەوە، کۆشکی داد وەک دامەزراوەیەکی فەرمی دەبێت پابەندی سەروەری یاسا بێت.

 ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بەپێی فەرمانی ژمارە ١٣ی سووریا، زمانی کوردی وەک زمانێکی نیشتمانی دەناسرێت و ڕێگە بە خوێندنی دەدرێت، بەڵام لە دەستوور و یاساکانی ئێستای سوریادا، زمانی عەرەبی تەنها زمانی فەرمییە و بەکارهێنانی لە دامەزراوە فەرمییەکان، مامەڵەکان و بەڵگەنامە یاسایی یەکان دا ئەرکێکی یاساییە و بەشێکە لە پاراستنی سیستەمی گشتی و شکۆی دەوڵەت.

هیلالی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکان ووتی : "ئەم یاسایانە لەم قۆناغەدا تێپەڕاندنیان مەحاڵە، مەگەر لە ڕێگەی هەموارکردنی دەستووری و یاسایی لە داهاتوودا لەلایەن دامەزراوە تەشریعییەکان، بەتایبەت ئەنجوومەنی گەلی سووریاوە بڕیاریان لەسەر بدرێت."

سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی کە لە دەوری کۆشکی داد درووست بوون، جێگری پارێزگار ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ ئەوانە دەکەن کە لە سۆشیاڵ میدیا هانی "ووتاری ڕق و کینە" دەدەن. 

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەرپرسانی "هەسەدە" چڕ کراونەتەوە بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم، کە ئامانج لێی گەڕانەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە بۆ سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکان و کۆشکی داد.

ئەم هەڵوێستەی جێگری پارێزگار کە تێیدا دەرگای هیوای بۆ فرەیی زمانی لە دامەزراوە فەرمییەکان داخست، نیگەرانییەکی زۆری لەلای دانیشتوانی ناوچەکە درووست کردووە؛ چوونکە بۆ کوردانی سووریا دەرکەوت کە ئەو چاوەڕوانییەی بۆ قۆناغێکی نوێی دانپێدانان بە مافە کلتووری و زمانییەکان هەیان بوو، لە نێو کۆشکی داد و ناوەندە فەرمییەکانی دەوڵەتدا بەو جۆرە نەبوو کە چاوەڕێیان دەکرد، بەڵکوو سیاسەتی "زمانی تاکی فەرمی" وەک خۆی ماوەتەوە.

Paylas: