رۆبیۆ : لە جەنگی ئێران هێڵی کۆتایی زۆربەی ئامانجەكانمان پێكاوە و تاران لە لاوازترین خاڵی مێژوویی دایە
PeyamaKurd - رۆبیۆ : لە جەنگی ئێران هێڵی کۆتایی زۆربەی ئامانجەكانمان پێكاوە و تاران لە لاوازترین خاڵی مێژوویی دایە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ووڵاتەکەی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە کارایی یەکی بێوێنە بەرەوپێش دەچن و زۆربەی ئامانجە ستراتیژییەکان بەدەست هاتوون. جەختی کردەوە کە ئێران ئێستا لە ٢٥ ساڵی ڕابردوو لاوازترە و واشینتۆن ڕێگری کردووە لەوەی تاران تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی.
چوارشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت دا لەگەڵ بەرنامەی "Hannity" لە کەناڵی فۆکس نیووز، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران لەلایەن کۆمەڵێک مەلا و پیاوی ئایینی ڕێبەرایەتی دەکرێت کە خاوەن دیدگایەکی وێرانکەر و کارەساتبارن بۆ ئایندەی جیهان.
ڕۆبیۆ ئاشکرای کرد کە تاران پێشتر یۆرانیۆمی تا ئاستی 60% پیتاندبوو، و تەنیا ١٢ بۆ ١٤ ڕۆژی پێویست بوو تاوەکوو بیگەێنێتە 90% و بۆمبی ئەتۆمی درووست بکات، بەڵام هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم مەترسییەیان پووچەڵ کردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چوار ئامانجی سەرەکی سوپای ووڵاتەکەی لەم جەنگەدا وەک "مانفێستێکی سەربازی" خستە روو، ئەوانیش تێکشکاندنی هێزی ئاسمانی، کە بە ووتەی ئەو بە شێوەیەکی بەرفراوان ئەنجام دراوە، لەناوبردنی هێزی دەریایی، کە بە تەواوی جێبەجێ کراوە و ئێران توانای دەریایی نەماوە، پەکخستنی سەکۆکانی هاویشتنی مووشەک، کە لە ئێستادا هێزەکان لە قۆناغی کۆتایی تێکشکاندن یان دایە، سڕینەوەی ژێرخانی پیشەسازی بەرگری، واتە خاپوورکردنی ئەو کارگانەی درۆن و مووشەک بۆ تاران و بریکارەکانی بەرهەم دەهێنن.
ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانە پێویست بوون، چوونکە ئەگەر ترامپ ئەم هەنگاوەی نەنابایە، ئێران لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا توانای مووشەکی و درۆنی خۆی دوو هێندە دەکرد و دەبووە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر خاکی ئەمریکا و ئەورووپا و ووتی : "ئێمە بینیمان کە ئەوان تەنانەت مووشەکیان ئاراستەی بنکەی 'دیێگۆ گارسیا' کرد کە هەزاران کیلۆمەتر لێیانەوە دوورە، ئەمە نیشانەی مەترسیداری ئەو چەکانەیە کە لەبەردەستیان بووە."
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆی ئێران، رۆبیۆ ڕایگەیاند، ئابووری ئەو ووڵاتە بە تەواوی داڕماوە و خەڵکی ئێران تەنانەت بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوەش تووشی کێشە بوون و لە شەقامەکاندا خۆپیشاندان دەکەن، نەک تەنیا بۆ ئازادی، بەڵکوو لەبەر نەمانی هەلی کار و بژێوی؛ تاران هەموو پارەی میللەتەکەی لە سپۆنسەرکردنی گرووپە چەکدارەکان و درقوستکردنی مووشەکدا خەرج کردووە و ئێستا باجەکەی دەدات."