زیندانییەکی تۆمەتبار بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە درا
PeyamaKurd - زیندانییەکی تۆمەتبار بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە سێدارە درا
ئیحسان ئەفەرەشتە، زیندانی تۆمەتبار بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی بانەمەڕ بە فەرمانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لە سێدارە درا.
دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی کردووە کە ئەفرەشتە پەیوەندی بە مووسادەوە هەبووە و لە نیپاڵ مەشقی پێکراوە و زانیاری هەستیاری بە ئیسرائیل داوە. هەروەها ڕاپۆرتە حکوومییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو لەژێر ناوی ڕێکخراوی "جەیمز" کاری كردووە و لە ڕێگەی نامەبەر و پۆستی ئێلیكترۆنی و پەیوەندی دەنگییەوە، لەگەڵ ئەفسەرانی هەواڵگری دا لە پەیوەندی دا بووە.
بەڵام سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر سەبارەت بە دۆسیەی ناوبراو هۆشدارییان دابوو. "هێرانا" ڕاپۆرتی دابوو کە ئیحسان ئەفەرەشتە ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردووەتەوە و ئەو دان پێدانانەشی کە بۆی دەگەڕێندرێتەوە لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا بەدەست هێندراون. هەروەها ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش پێشتر ناسنامەی ناوبراوی وەک یەکێک لەو زیندانییانە ڕایگەیاندبوو کە لە دۆسیە ئەمنییەکان دا بە سێدارەدان مەحکووم کراوە.