سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
PeyamaKurd - سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئیمارات دۆخی ناوچەکە تاوتوێ دەکەن
پێنجشەممە ٢٠٢٦/٤/٣٠ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ئەبووزەبی لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەھیان، سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتەوە پێشوازی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیمارات لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و پتەوکردنی ئاسۆکانی ھاوکاری نێوانیان لە ھەموو بوارەکان دا، تاوتوێ کران، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی و گەشەپێدانی ھەردوولا بگەێنێت.
ھەردوولا دەربارەی دوایین پەرەسەندنەکان و لێکەوتە مەترسیدارەکانی دۆخی ناوچەکە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی، بیروڕایان گۆڕییەوە. لەمبارەیەوە جەختیان لە گرینگی کاری پێکەوەیی و بەھێزکردنی ھەماھەنگی و ھاوکاری ھاوبەش کردەوە بۆ پاراستنی ئارامی و دوورخستنەوەی مەترسییەکان.
چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.