لەسێدارەدانێ کەسێکی دیکەی بە تۆمەتی سیخوڕی لە لایەن كۆماری ئیسلامی یەوە
PeyamaKurd - لەسێدارەدانێ کەسێکی دیکەی بە تۆمەتی سیخوڕی لە لایەن كۆماری ئیسلامی یەوە
بەربەیانی ڕۆژی سێشەممە، ٥ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی، حوکمی سێدارەی غولامڕەزا خانی شێکەرئاب، تەمەن ٣٤ ساڵ، قارەمانی پێشووی وەرزشی MMA و ڕاهینەر و داوەری نێودەوڵەتی، بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ مافی دوایین دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی، لە گرتووخانەی قزڵحەساری کەرەج جێ بەجێ کرا.
دەزگای بەناو دادوەری کۆماری ئیسلامی، تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل"ی خستووەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی ئەردەبێڵ.
غولامڕەزا خانی پێشتر لە تورکیا نیشتەجێ بوو، بەڵام ساڵی ڕابردوو لە گەشتێک دا بۆ عێراق، لەلایەن هێزە تێرۆریستییەکانی دەرەوەی سنووری ڕێژیمەوە ڕفێندرا و بۆ ناوخۆی ئێران گوازرایەوە.
ئەم وەرزشوانە دوای چەندین مانگ ئەشکەنجە لە ژووری تاکەکەسی، لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا لەلایەن دادوەر "سەڵواتی"یەوە حوکمی لە سێدارەی بەسەردا سەپا.
ناوبراو لە تەواوی پڕۆسەی دادگایی کردنەکەدا لە مافی پارێزەر بێبەش بوو و حوکمەکەی تەنیا لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ دەرکراوە.