هێگسێت ھۆشداری لە دەست پێكردنەوەی شەڕ لە گەڵ ئێران دەدات
PeyamaKurd - هێگسێت ھۆشداری لە دەست پێكردنەوەی شەڕ لە گەڵ ئێران دەدات
پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا لە لێدوانێک دا هۆشداری دا کە ئەگەر دانووستانەکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی تاران بگەنە بن بەست، سوپای ئەمریکا بە تەواوی ئامادەیە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێ بکاتەوە.
هێگسێت لە کۆڕبەندی ئەمنییەتی "شانگری-لا" لە سەنگاپوور ڕایگەیاند کە بەیانی ڕۆژی هەینی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا قسەی کردووە و جەختی کردووەتەوە ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت مەرج و سنووردارکردنی گونجاو بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی قبووڵ بکات، واشینتۆن ئامادەیە لە دانووستانەکان بکشێتەوە.
وەزیری بەرگری ئاماژەی بە قسەکانی ترامپ کرد کە پێی وتووە: "هەر ڕێککەوتنێک بکرێت دەبێ ڕێککەوتنێکی باش و ناوازە بێت."
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هێزی سەربازی پێنتاگۆن ڕایگەیاند : "ئەگەر ئێران نەیەوێت ڕێککەوتنێکی باش واژوو بکات کە دەست ڕاگەیشتنی بە چەکی ئەتۆمی قەدەغە بکات، ئەوا ناچارە ڕووبەڕووی هێزی سەربازیی ئێمە ببێتەوە."