پەیامی ترامپ بە ئێران : یان ڕێککەوتن یان بژاردەی سەربازی
PeyamaKurd - پەیامی ترامپ بە ئێران : یان ڕێککەوتن یان بژاردەی سەربازی
سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ووڵاتەکەی هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ واژووکردنی ڕێککەوتنێکی باش لەگەڵ تاران، بەڵام جەختیشی کردەوە بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزەکە ماوە.
لە چاوپێکەوتنێک دا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیووز" یەکشەممە، بڵاوکرایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ململانێیەکان و گفتوگۆکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن. ووتیشی: "ئێمە نزیکین لە بەدەست هێنانی ڕێککەوتنێکی باش، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتنەکە بە دڵی ئێمە نەبێت، جارێکی دیکە پەنا بۆ بژاردەی سەربازی و وەزارەتی جەنگ دەبەینەوە."
ترامپ باسی لەوە کرد، ئەو هێشتا دیپلۆماسی بەلاوە پەسەندترە، چوونکە گەیشتن بە ڕێککەوتن دەبێتە هۆی کردنەوەی دەست بەجێی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی نێودەوڵەتی دا.
سەرۆکی ئەمریکا مەرجێکی نوێی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ووڵاتەکەی لە ناوچەکە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: "تەنیا کاتێک هێزەکانمان دەکشێنینەوە کە گەرووی هورموز بکرێتەوە و دۆسیەی ئەتۆمی ئێران بە تەواوی چارەسەر بکرێت. دەبێت گەرووی هورموز بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و رسووماتێک بکرێتەوە."
سەبارەت بە مەترسییەکانی تاران، ترامپ جەختی کردەوە، "پێویستە بە شێوەیەکی هەمیشەیی ڕێگری لە ئێران بکرێت کە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترامپ ئاماژەی بە ستراتیژی ووڵاتەکەی کرد و ووتی : "ئێمە بە شێوەیەکی هێواش و جێگیر ئەوەی دەمانەوێت لە ئێرانییەکان وەری دەگرین، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە کارەکان نەڕۆنە پێش، ئەوا بە شێوازێکی تەواو جیاواز و تووند کۆتایی بەو ململانێیە دەهێنین."
ڕاشیگەیاند؛ رووبەڕووبوونەوەی ئێستا بە "سەرکەوتنێکی تەواو بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا" دادەندرێت.
ترامپ ووتیشی: "ئێمە چەندین جار سەرکردایەتی ئێرانمان کردە ئامانج، ئەوانەشی لە سەرکردەکانیان ماونەتەوە، ئێستا عاقڵانەتر رەفتار دەکەن." هەروەها جەختی کردەوە، ئێران لە بارودۆخیکی زۆر خراپ دایە و ووتی: "ئەوان خاوەنی سوپا نین، تەنیا شتێک کە هەیانە میدیای چەواشەکارە.