کووەیت و بەحرەین تێکشکاندنی دەیان مووشەک و درۆنی ئێرانیان ڕاگەیاند
PeyamaKurd - کووەیت و بەحرەین تێکشکاندنی دەیان مووشەک و درۆنی ئێرانیان ڕاگەیاند
وەزارەتی بەرگری کووەیت ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، هێزەکانیان ١٥ مووشەک و درۆنی ئێرانیان لەکاتی چوونە ناو ئاسمانی ووڵاتەكە خستووەتە خوارەوە.
بەپێی ڕاگەێندراوێکی وەزارەتەکە، هێزی بەرگری کووەیت دوو مووشەکی بالیستی و ١٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانیان خستوووەتە خوارەوە. هێرشەکە هیچ زیانێکی مرۆیی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
حکوومەتی کووەیت ئاماری گشتی هێرشەکانی ئێرانی لە کۆتایی مانگی دووەوە هەتا ئەمڕۆ ئاشکرا کردووە. بە پێی ئامارەکان، ئێران ١٥ مووشەکی کرووز و ٣٨٣ مووشەکی بالستی و ٩٠٦ درۆنی ئاراستەی کووەیت کردووە.
لەلایەکی دیکەوە هێزی بەرگری بەحرەین ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە ڕێگەی هێرشی مووشەکی و درۆنەوە خەڵکی سڤیلی ووڵاتەکە دەکاتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری بەحرەین ڕایگەیاند سیستەمی بەرگری ووڵاتەکە "ژمارەیەک لە هێرشە خیانەتکارەکانی ئێرانیان لەناو بردووە." بەڵام ئاماژەی نەدا بە ژمارە و جۆری هێرشە ئاسمانییەکان.