یەكێك لە دەست بەسەركراوانی خۆپێشاندانەكانی بەفرانبار لە سێدارە درا
PeyamaKurd - یەكێك لە دەست بەسەركراوانی خۆپێشاندانەكانی بەفرانبار لە سێدارە درا
دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیمی ئێران حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی بە ناوی "عەباس ئەکبەری فەیزئابادی"ی جێ بەجێ کرد. ناوبراو یەکێک لە دەست بەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ لە شاری نایینی سەر بە پارێزگای ئێسفەهان بووە.
ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەزگای دادوەری ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە تۆمەتەکانی سەر ئەکبەری پێک هاتبوون لە موحارەبە، تێکدانی بەئەنقەستی موڵکی گشتی، تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵگە و کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی ناوخۆیی.
دەزگای دادوەری ڕێژیم بانگەشەی کردووە کە ناوبراو لە کاتی هێرش کردنە سەر فەرمانداری نایین و بنکە ئەمنییەکان، بە دەمانچە تەقەی لە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی میزان، دادگا بە پشت بەستن بە "دانپێدانانی زۆرەملێ"، گرتەی ڤیدیۆیی تەقە و ڕاپۆرتی هێزە ئینتزامییەکان ئەم حوکمەی دەرکردووە و حوکمەکە دوای پشتڕاست کردنەوەی لە دیوانی باڵای ڕێژیم، سەرلەبەیانی دوێنێ جێبەجێ کراوە.