1300 خێزانی دیکەی عەرەب دەهێنرێنە خانەقین
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری خانەقین گوتی، ئەمڕۆ بڕیاری گەڕانەوەی ھەزار و 300 خێزانی عەرەب دەرچووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ سنووری خانەقین، بەتایبەت ناحیەی جەلەولا، ئەمەش زیاتر بۆ ئەوەیە لە ھەڵبژاردنەکان دەنگ بدەن و دەنگی کوردیش کەم بکەن.
لەم بارەیەوە، عەدنان مەنسوور، بەرپرسی نووسینگەی ماددەی 140 لە خانەقین ڕاگەیاند: "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە زیاتر لە 2 ھەزار خێزانی کرووی گەڕاونەتەوە بۆ خانەقین و جەلەولا و دەستیان بەسەر موڵک و زەویی کورددا گرتووە، ئەمانە لە کاتی ھاتنی داعش دەستیان لەگەڵ داعش تێکەڵ کردبوو و دەستیان بە خوێنی خەڵکی ناوچەکە سوور بووە و دواتریش لە ترسی گەڕانەوەی کورد ھەمووان ڕایان کرد و ئێستاش پارێزگاری دیالە پشتگیریاین دەکات بۆ گەڕانەوە."
عەدنان گوتیشی: "ئەو عەرەبانە کە دەگەڕێنەوە، ھەموویان پێشتر بە گوێرەی ماددەی 140 قەرەبوو کراونەتەوە و تەنانەت قەرەبووی بیرە ئاو و داروباریشیان وەرگرتووە و زەوییەکانیش ھی کوردە و تاپۆیان پێیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد ئێستا دەسەڵاتی نییە، بۆیە بەزۆر لە کوردی وەردەگرنەوە."
عامر ڕەفعەت، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە سەعدیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لە لایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی دیالەوە فەرمانی گەڕانەوەی ھەزار و 300 خێزانی عەرەب دەرچووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سنووری خانەقین، بەتایبەت جەلەولا و باجیان بۆ دروست کراوە و بەشێکیان ئەمڕۆ گەڕاونەتەوە و ئەوانەی دیکەش لە ڕۆژانی دابێدا دەگەڕێنەوە."
عامر ڕەفعەت گوتیشی: "بەشێک لەو عەرەبانەی گەڕاونەتەوە، کرووین، کاتی خۆی دەستیان لەگەڵ داعش ھەبووە و ئێستا دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکە."