TR KU SO
FB X
Kurdistan

عەفرین، جگە لە سووکایەتیکردن، تاڵانیش دەکرێت

📅 19 Mart 2018 17:24

چەتەکانی سوپای تورکیا و میلیشیاکانی سوپای ئازادی سووریا چوونە نێو عەفرین و جگە لە سووکایەتیکردن بە رەمز و سەروەرییەکانی گەلی کورد، دەستیان بە تاڵانکردنی شارەکەش کرد.



دوای ئەوەی رۆژی یەکشەممە 18ی ئاداری 2018  سەربازانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لەگەڵ گەیشتنە نێو عەفرین بێڕێزی و سووکایەتییان بە بەها و پیرۆزییەکانی گەلی کورد کرد. چەکدارە هێرشکارەکان سووکایەتییان بە ئاڵای کوردستان و بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان کرد، هەروەها بێڕێزییان بە پەیکەری کاوەی ئاسنگەر کرد و، دوای ئەوەی گوللەبارانیان کرد، شکاندییان و بە شۆفڵ لەگەڵ زەوی تەختیان کرد. 

جگەلەمانە بەپێی کۆمەڵێک وێنە کە ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت ئاژانسی فرانس پرێس (AFP) بڵاویکردوونەتەوە، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا سەرەڕای سووتاندنی دەیان دووکان و شوێن، دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی هاونیشتمانییانی مەدەنیشدا گرتووە و ماڵ و دووکانەکان تاڵاندەکەن. 

هەروەها بەشێک لە چەکدارەکان کەلوپەلە گرانبەهاکانی وەکو ئۆتۆمبێل و تراکتۆر و ئامێرەکانی کشتوکاڵکردن دەبەن، سەرەڕای ئەوەش لە هەندێک وێنەدا دەردەکەوێت کە ئاژەڵە ماڵییەکانی خەڵکیش دەبەن.

پێشتریش هەندێک لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بڵاویانکردبووەوە کە ماڵ و خانوو و تەنانەت دار زەیتوونەکانی عەفرینیشیان بەسەر خۆیان دابەشکردوون.

Paylas: