TR KU SO
FB X
Kurdistan

عەلی حسێن: كورد بڕیای خۆی دەدات

📅 18 Şubat 2018 17:32

عەلی حسێن: ئەو ریفراندۆمەی ئەنجامدرا بۆتە بنەمایەك بۆ كاری ئێمەو پێشمانوایە عێراق لەساڵی 1921ەوە تائێستاش بەئیرادەی گەلانی عێراق دروست نەبوە. ئێمە پێمانوایە ئەو سیاسەتە هەڵەیەی لەعێراق پەیڕەوكراوە ئەگەر بەردەوام بەوشێوەیە پەیڕەوبكرێت، ئەوە كوردیش پەیام‌و بڕیای خۆی دەبێت‌و پارتی‌و بارزانیش لەو بەرپرسیارێتییە هەڵنایەن، وەك هەندێك لەكاتی ریفراندۆم هاتنە سەر شاشەو پەنجەی خۆیان بەرزكردەوە كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە، بەڵام كە هاتە سەر ئەوەی هەڕەشە لەخەڵكی كوردستان كرا بەشێكیان خیانەتیان كردو بەشێكیان بێ هەڵوێست مانەوە.

عەلی حسێن بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەكانی كوردستان‌و عێراقی پارتی‌و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە ڕایگەیاند: بارزانی هەم سەرۆكی پارتییەو هەم ماوەیەكی زۆریش سەرۆكی هەرێم بوەو لە رووداوە نێودەوڵەتییەكاندا ئامادەیی هەبووە، هەروەك لەگەڵ هەمو ئەو حزب‌و لایەنە كوردییانەی لەگەڵ ریفراندۆم بون ئەو سەركردایەتی دەكرد، بەڵام ئەو بەرنامە نەتەوەییەی مەسعود بارزانی هەڵیگرتبو كۆمەڵێك كۆسپی بۆ دروست بو. وەك دەوترێت لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دۆستەكانمان لەگەڵمان نەبون. راستە لەگەڵمان نەبون بەڵام دژیش نەبون. بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی بو‌و راوەستانی بارزانی‌و ئێمەی لێكەوتەوە لەو بەرنامەیە، دۆخی ناوخۆی هەرێم بو كە سەرەنجام ئەوەی لێكەوتەوە كە لە‌16ی ئۆكتۆبەر بینیمان. ئەوەش كۆسپێكی گەورەی دروست كردو بوە هۆی ئەوەی تەرازوی هێز لەنێوان هەرێم‌و عێراق بگۆڕێت، لەهەمان كاتیشدا كاریگەری هەبێت لەسەر پەیوەندییەكانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتیش. ئەمانە هەموی پێویستی بەپێداچونەوە هەیە. ئەوەی لێرەدا پەیوەندی بە مەسعود بارزانییەوە هەیە، بێگومان رەچاوی ئەو دۆخە سیاسییە دەكات كە لەهەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە هەیە. ئەوەش وایكردوە پێویستی بەوە بێت هەنگاوەكانی تاڕادەیەك هێمن بن‌و بەشێوەیەك بن ئەو دۆخەی روبەڕوی خەڵكی كوردستان بۆتەوە بەكەمترین زیان لێی دەربچێت. 

عەلی حسێن راشیگەیاند، رەنگە هەندێك لەسەر ئاستی دەوڵەتان یان لەسەر ئاستی نوێنەری دەوڵەتان ویستبێتیان لەم دۆخەدا بارزانی ببینن، بەڵام بارزانی بینینی هەمو ئەوانەی بە پێویست نەزانیبێت.

هەروەها دەڵێت پارتی رۆڵی هەمو لایەنەكانی لەبەرچاو گرتوە، بەڵام پارتی خۆی بەخاوەنی پرسەكە دەزانێت‌و رۆڵی وڵاتانی ناوچەكە، چ توركیا‌و چ ئێران‌و هەروەها ئەو وڵاتانەی لە‌هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لەبەرچاو دەگرین. لەگەڵ ئەمریكاش پەیوندییەكان چ لەسەر ئاستی حكومەت چ لەسەر ئاستی حزب وەك خۆیان ماون.

 

Paylas: