بە پێی بڕیارێک ئەم گەرەکانەی هەولێر خزمەتگوزاری یان بۆ دابین دەکرێت
پەیامی کورد ... بە پێی بڕیارێک ئەم گەرەکانەی هەولێر خزمەتگوزاری یان بۆ دابین دەکرێت
دوای بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی کەرتی ٨ ی حەسارۆک، بڕیارە ژمارەیەک کەرتی دیکەش ئاوەدان بکرێنەوە و سەرۆکی شارەوانی ھەولێر دەڵێت، ئەو گەڕەکانە ھیچ ئاوەدانییان بۆ نەچووە و بڕیارە بۆ یەکەم جار ئاوەدان بکرێنەوە.
عەبدۆلواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، ڕایگەیاند: "دوای بڕیاری ئاوەدانکردنەوەی کەرتی ٨ ی حەسارۆک، ژمارەیەک گەڕەکی دیکە لە شاری ھەولێر ھەن کە چەندین ساڵە دابەش کراون و تا ئێستا ھیچ خزمەتگوزارییەکیان پێشکەش نەکراوە و خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی گەیاندنی خزمەتگوزارین بۆ ئەوەی بتوانن ئاوەدانی بکەنەوە، چوونکە ئەو گەڕەکانەش ھاوشێوەی ٨ ی حەسارۆک پێویستیان بە خزمەتگوزاری ھەیە."
سەرۆکی شارەوانی ھەولێر دەڵێت: "بڕیارە خزمەتگوزاری بۆ ھەریەک لە گەڕەکی گردجووتیار، کەڕک، باغلۆمنارە و بەشێکی تیمار دابین بکرێت، ئەویش دوای دیتنەوەی چارەسەری قۆناغ بە قۆناغ ئاوەدان دەکرێنەوە."
عەبدۆلواحید ئەحمەد ڕوونی کردەوە: "گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم گەڕەکانە دەبێتە ھۆی بووژانەوەی ئابووریی ھەولێر و جگە لەوەی ھاووڵاتییانێکی زۆر سوودمەند دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی خانوو، کاریگەری لەسەر دەرفەتی کاریش دادەنێت، بازاڕی ھەولێر بەرەو پێشڤەچوونێکی بەرچاو دەچێت، لەبەر ئەوەی کە کار پەیدا بوو جووڵە دەکەوێتە بازاڕەوە."