TR KU SO
FB X
Kurdistan

بە هۆی بڕیارێکی بە جێی ئەنجوومەنی وەزیران ، داوای لێکۆڵینەوە دەکات

سارا
Yazar
📅 15 Mayıs 2019 14:01

پەیامی کورد  ...   ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، هێشتا ناتوانن بڵێن، بڕیاری دوورخستنەوەی فەرمانبەرانی یەکێتی لە نوسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم رەهەندی سیاسی هەیە، بەڵام لێکۆڵێنەوە لەوبارەیەوە دەکەین.

رۆژی دوشەممە 13ی-5-2019 بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم زۆرێک لە ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم دوور خرانەوە ، کە هەندێکیان دەگوازرێنەوە فەرمانگەیەکی دیکە و هەندێکی دیکەشیان خانەنشین دەکرێن.

سەعدی پیرە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، "جارێ ناتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ دورخستنەوەی فەرمانبەرانی یەکێتی لە نووسینگەی سەرۆکایەتی هەرێم  ڕەهەندی سیاسی هەیە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕیارە کتو پڕ بوە و بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو بوو، وەک کاردانەوەش بە کارێکی باشمان نەزانیوە، چوونکە دەبوایە چاوەڕوان بکرێت لەبەر ئەوەی زۆری نەماوە سەرۆکی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی بخوات و دەستبەکاربێت، ئەوکاتەی سەرۆکی نوێی هەرێم دەستبەکار دەبو دەتوانێت لەگەڵ جێگرەکەی خۆی دابنیشن لە دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی دەیانەوێت بیکەن یان نەیکەن".

ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە هێشتا سەرۆکی نوێی هەرێم سوێندی یاسایی نەخواردوە و هەروەهاش حکومەتی نوێی هەڕێم پێکنەهاتوە.

سەعدی پیرە باسی لەوەشکرد، "ئەم بڕیارە لە ڕوی یاساییەوە گونجاو نییە و جێگای ڕەزامەندی یەکێتی نییە، جا بۆ دۆسیەکانی تری وەک پێکەوە ژیانی سیاسی و بەشداری و هاوبەشی ڕاستەقینە لە پرۆسەی سیاسیدا دواتر پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە قسەی لەسەر دەکرێت، وەک دەوترێت بۆ هەر ڕووداوێک قسەی خۆمان دەبێت".

Paylas: