بەپەلە ... بەرپرسی ئەمنی زیندانی سنە : ئەگەر لە سێدارەت نەدەن لە کەسانی خۆمان لە ناو زینداندا دەتکوژین
بنەماڵەی ڕامین حسێن پەناهی بە نیگەرانی تەواوەوە دەڵێن : بەرپرسانی زیندان هەڕەشەی کۆشتن لە ڕامین دەکەن
بە پێی ڕاگەیندراوێکی بنەماڵەی ڕامین حسێن پەناهی، بەندی سیاسی گرتووخانەی سنە، " عەباسی " بەرپرسی ئەمنیەتی گرتووخانەی ناوەندی شاری سنە ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی ژوئیە هەڕەشەی کووشتن لە ڕامین دەکات و پێی دەڵێ "ئەگەر لەسێدارەت نەدەن لە ڕێگەی کەسانی خۆمان لەنێو گرتوخانەدا دەکوژرێیت."
هەر بە پێ راگەیندراوەکە "سەر لە بەیانی ئەمڕو پێنج شەممە سەر لە نوێ عەباسی بەرپرسی ئەمنیەتی گرتووخانەکە و بەرپرسانی دیکە دەچنە ژووری ڕامین و دوای ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر پێی دەڵێن لەمەودوا دەتنێرین بۆ بەندی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان و پیاوکوژان و دڵنیابە هەر لەوێ بە دەستی پیاوە تایبەتیەکانی ئێمە دەکوژرێیت."
بنەماڵەی حسێن پەناهی باس لە ئەوەش دەکەن کە زانیاری تەواویان لە بەردەستە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی خوازیاری ئەوەن ڕامین زۆر بە شاراوەیی و بێ ئاگاداری پارێزەر و بنەماڵەکەی لە سێدارەی بدەن .