بەپەلە ... هێرش دەکرێتە سەر دوو بنکەی سەربازی سوپای پاسداران
دوو بنکەی سەربازی سوپای پاسداران لە شاری شنۆ کەوتە بەر هێرشی حیزبە کوردستانییەکان.
بەپێی هەواڵ و زانیارییەکان ، کاتژمێر ١٠ی شەوی پێنج شەممە " ٢ی ئۆگۆستی ٢٠١٨ " ، لەلایەن گرووپێکی چەکدارییەوە بە چەکی سووک و نارنجۆک پەلامار بنگەی سەر بە سوپای پاسدارانی گوندی سینگان سەر بە شاری شنۆ دراوە.
کاتژمێرێک دوای ئەو هێرشە، گرووپی پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە گرووپێکی چەکدار و نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستان " حدک " بە ئەژمار دێت، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەیان گرتوەتە ئەستۆ.
هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر زیانی گیانی لەو شەڕەدا بڵاو نەکراوەتەوە و بە پێی ڕاگەیندراوێک کە ئەو گرووپەی نزیک لە حدک بڵاویان کردوەتەوە، تەنیا باس لە زیانی مادی کراوە.
لەلایەکی دیکەوە و هاوکات، گرووپێکی چەکداریی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی گەورەی سەربازیی سوپا لە گەڕەکی شاکرئاوای شنۆ.
ئەو هێرشە ماوەی چەند خولەکێکی خایاندووە. هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر زیانەکانی ئەو هێرشە بڵاو نەکراوەتەوە و هیچ گرووپێکیش بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی بە ئەستۆ نەگرتووە.