بەپەلە ... نێچیرڤان بارزانی : ئەوەی یەکیتی کردی دەستپێکێکی مەترسیدارە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “چوونی ئێمە بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو هەموو هەوڵێک بدەین یەکێتی و یەکدەنگی ڕیزەکانی کورد بپارێزین. پرسی سەرۆککۆمار مافی گەلی کوردستانە نەک پارتی و یەکێتی، بە بۆچوونی ئێمە دەبوو ئەو پرسە لەناو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا یەکلابکرێتەوە، کە پێشتریش ئەوە کرا نەک لایەنی دیکە بەربژێری کورد بۆ ئەو پۆستە دەستنیشانبکەن”.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها ڕاشیگەیاند “ئەو هەنگاوە تاکلایەنەی یەکێتی زۆر جێگەی نیگەرانییە و دەستپێکێکی مەترسیدارە، کە ئەو پۆستە لە دەرەوەی ئیدارەی خەڵکی کوردستان دیاریکراوە. ئەوەی برادەرانی یەکێتی کردیان بۆ داهاتوو مەترسیدارە”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەگەری دوو ئیدارەیی، سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی جەختیکردەوە، کەس باسی دوو ئیدارەیی نەکردووە و ئەوەش روونادات، بەڵام لەمەودوا پارتیی دیموکراتی کوردستان لەسەر بنەڕەتێکی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکات.
نێچیرڤان بارزانی ووتی “لە هەموو ئەو قۆناخانەی دەبوو پارتی بڕیاربدات و بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی بڕیاریداوە، لەکاتێکدا کورسییەکانی یەکێتی کەمتر بووە، بەڵام ئێستا ئەوان بەرەو زۆرینە و کەمینە دەچن، بۆیە بەدڵنیایی پارتیش لەسەر بنەڕەتێکی نوێ مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد “دەبوو نە یەکێتی و نە کاک د. بەرهەم ئەوەیان قبوڵنەکردایە کە سەرۆککۆمار بەو شێوەیە دیاریبکرێت، چوونکە پارتی ئەگەر پۆستی بویستایە زۆر بە ئاسانی دەستیدەکەوت بەڵام ئەوەی نەویست و تەنیا جەختی لەوە دەکردەوە کە کورد یەک بەربژێری بۆ ئەو پۆستە هەبێت و خۆی یەکلاییبکاتەوە نەک لایەنی دیکە”.