TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەپەلە ... کارکردن بە ڕەگەزنامە و ناسنامە لەم کاتەدا ڕادەگیرێت

سارا
Yazar
📅 06 Mayıs 2019 16:59

پەیامی کورد   ...   پڕۆسەی دەركردنی كارتی نیشتیمانی لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و بەڕێوەبەری ڕەگەزنامەی ھەولێریش دەڵێ، ھەر كاتێك ڕێژەیەكی بەرچاوی ھاووڵاتیان بوونە خاوەنی كارتی نیشتیمانی، كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنامە ڕادەگیرێت.

عەمید عەبدولڕەحمان گەردی، بەڕێوبەری رەگەزنامەی ھەولێر ، رایگەیاند: "تا ئێستا تەنیا ٣٠%ی دانیشتووانی پارێزگای ھەولێر كارتی نیشتیمانییان دەركردوە و پێویستە ھەموو ھاووڵاتییەك سەردانی بنكەكانی كارتی نیشتیمانی بكەن، ئێمە ١٨ بنكەمان كردووەتەوە و بڕیارە چوار بنكەی دیكەش زیاد بكەین، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بكرێت بۆ ھاووڵاتیان و بتوانن لە كاتێكی زووتردا ببنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی".

بەڕێوبەری ڕەگەزنامەی ھەولێر ڕوونی كردەوە: "پڕۆسەی دەركردنی كارتی نیشتیمانی، پڕۆسەیەكی بەردەوامە و ئەو دەنگۆیانەشی لەنێو ھاووڵاتیاندا بڵاو بوونەتەوە گوایە تا كۆتایی ئەم مانگەیە، هیچ بنەمایەكی نییە، چوونكە ئێمە بە ھەماھەنگی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بڕیار لەسەر وەستانی پڕۆسەكە دەدەین".

لەبارەی ڕاگرتنی رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانییەوە، عەمید عەبدولڕەحمان گەردی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەر كاتێك رێژەیەكی پێویست لە ھاووڵاتیان بوونە خاوەنی كارتی نیشتیمانی، ئێمە بڕیار دەدەین كار بە كارتی نشتیمانی بكرێت و كاركردن بە ڕەگەزنامە و ناسنامە رادەگیرێت، بەڵام ئەوە كاتێك دەكرێت كە بۆ نموونە ٧٠%ی خەڵكی كوردستان كارتی نیشتیمانی دەربكەن، بەڵام بە بێ ھەرێمی كوردستان بەغداش ناتوانێ بڕیارێكی وەھا بدات".

Paylas: