TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەپەلە ... سەعدی پیرە ووڵامی فازل میرانی دەداتەوە " ئەگەر ئێمە خائینین بۆ لەگەڵمان دادەنیشن "

سارا
Yazar
📅 27 Haziran 2019 14:35

پەیامی کورد    ...    سه‌عدی پیره‌، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکتی رایگەیاند، مەسەلەی "مەرجەع" مەسەلەیەکی فەلسەفیە بە ئەمری ئیداری درووست نابێت، دەشڵێت، "کاک مەسعود پیاوێکی گەورەیە و دوای وەفاتی مام جەلال و کاک نەوشیروان لەو جیلە لەناو بزوتنەوە و سەرکردەکاندا ئەو ماوه‌، "ئەگەر ئێمە قبووڵمان کرد کاک مەسعود لەبابەتێکدا بڕیار بدات لەبەر ئەوە نیه‌ پارتیە".

سه‌عدی پیره‌، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکیتی وەڵامی لێدوانەکانی فازڵ میرانی دایەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆ مەسەلەی کەرکووک مەسەلەیەکی گرنگە نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاریان داوە لەم 2019 و 2020 تەدا ئەولەویەتی کارەکانی لە شاری کەرکوک جێ بەجێکردنی ماددەی 140 بێت، لەهەمانکاتیشدا بابەتی هەڵبژاردن هەیە، پێدەچێت سەرژمێریش لە کەرکووک بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "کوردی پارچە پارچە لە کەرکووک، کەرکووک بەرەو مەترسیەکی گەورە دەبات، هەر ئەوە نیە 16ی ئۆکتۆبەر خەتای یەکێتی بوە یا نا؟ هۆکارەکەی چی بوە؟ ئەمانە هەموی بابەتن و پێویستی بە لێکۆڵینەوە هەیە، ناکرێت ئێمە هەرچی ڕوویدا لایەکەی تر بکەین بە خائین، ئەگەر خائینە بۆ لەگەڵی دادەنیشن؟ بۆیە من لەقسەکانمدا ئەوەم وتبوو کە دەبێت کورد وریا بێت ئەگەر بە شەڕ بدۆڕێین دەتوانین بە شەڕ وەریبگرینەوە، بەڵام ئەگەر بە سەرژمێری و هەڵبژاردن بدۆڕێین ناتوانین وەریبگرینەوە".

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاندبوو، "هەندێك لە برادەرانی سەركردایەتی یەكێتی بە کاک سەعدی پیرەشەوە پێمان دەڵێن، حەقە كاك مەسعود تەنیا وەك سەرۆكی پارتی نەبێ بەڵكو ببێتە مەرجەعی كوردستان‌و هەمومان".

بەڵام سەعدی پیرە دەڵێت، "بەو شێوەیە مناقشە ناکرێت، مەسەلەی مەرجەع مەسەلەیەکی فەلسەفیە بە ئەمری ئیداری دروست نابێت، کاک مەسعود پیاوێکی گەورەیە و دوای وەفاتی مام جەلال و کاک نەوشیروان لەو جیلە لەناو بزووتنەوە و سەرکردەکانمان ئەو ماوە، ئێمە هەمومان ڕێزی دەگرین و لە کۆبونەوەی دو قۆڵیدا پێمان وت، کە باشترە تۆ هەمومان کۆبکەیتەوە برا گەورایەتیەکە بکەی، جا ئەگەر ئەوە بەشێوەیەکی تر بەکاربهێنرێت ئەوە لەکۆبوونەوەی فراوانی هەردو مەکتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆکایەتی کاک مەسعود وە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەسەرۆکایەتی کاک کۆسرەت کرا، قسەکەش کاک کۆسرەت پێی ووت، وتی پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کێشانەی کەهەمانە جەنابت برا گەورایەتیەکە بکەی".

سەعدی پیرە دەشڵێت، "ئێستاش من پێموایە لێی بگەڕێین و هەوڵی ئەوە بدەین بەهەمو لایەکمان سوود لە تواناکانی کاک مەسعود وەربگرین، نەک ئێمە بێین خەریکی مونافسە بین، وە پارتی وابزانێت ئەگەر ئێمە قبوڵمان کرد کاک مەسعود لەبابەتێکدا بڕیار بدات لەبەر ئەوە نیه‌ پارتیە، نەخێر لەبەر ئەوەی کاک مەسعودە پێم وایە دەبێت پارتی یارمەتی کاک مەسعود بدات، کە سەربکەوێت لە یەکێک لەو مهیمانەی هەیەتی سەربکەوێت، خۆی لەخۆیدا ئەگەر کاک مەسعود ڕۆڵی برا گەورە ببینێت دەبێت یارمەتی بدات نەک هەڵە سودی لی ببینێت، بابەتەکان بەو شێوەیەیە نەک بەو شێوەیەی کە کاک فازڵ دەیڵێت ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە".

لەبارەی لێدوانەکانی فازڵ میرانی لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر سەعدی پیرە وتی، "نابێت مەسەلەی کەرکووک لێبگەڕێین لەبەر ئەوەی 16ی ئۆکتۆبەر، باشە 31ی ئابیش و دەیان مەسەلەی تریش ڕوییان داوە، لە شەنگالیش کاتی خۆی ئەو کارەساتە گەورە ڕویدا، ئەو بابەتە فەرماندە سەربازییەکان تەحەمولی دەکەن، پێویستی بەلیژنەی لێکۆڵینەوەیە نەک ئێمە بچینە سەر تەلەفزیۆن و یەکتر تەخوین بکەین، حاڵەتی ئێمە حاڵەتی یەکەمجار نیە ئەو شتانە ڕودەدات، ڕاستە ئێمە ڕکابەری یەکین بەس دوژمنی یەک نین بەخیانەت لە قەڵەمدانی یەکتر کاری دوژمنە".

ڕوونیشیکردەوە، "پێم وایە ئێستا لەسەر بابەتی کەرکووک کاک مەسعود دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت کە بێت پارتی و یەکێتی کۆبکاتەوە و چارەسەرێک دابنێت کە بگونجێت لەگەڵ دۆخی یەکێتی لەکەرکوک و چوارچێوەیەکیش دابنێت بۆ پێکەوە ئیشکردن".

Paylas: