TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەپەلە ... ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی باندێکی تێرۆریستی لەو پارێزگایە ڕاگەیاند

سارا
Yazar
📅 25 Temmuz 2018 19:28

تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر رایگه‌یاند” بەڵگەمان لەبەردەستە، ئەو کەسانەی ڕۆژی دووشەممە چوونه‌ نێو باڵەخانەی پارێزگای ھەولێر سەر بە داعش بوون، بەڵام ھاوڕێیەکانیان لە ژیاندا ماون و دەستگیر کراون، بەر لە سێ حەفتەش مامۆستایەکی ئایینی بە ناوی “مەلا ئیسماعیل سووسەیی” لە لایەن ھێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر کرا، پێشتر ئیمام و خەتیب بوو لەسەر تووندڕەوی دوور خراوەتەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی ڕووداوەکەی پارێزگای ھەولێر بڵاو دەکەینەوە و خەڵکێکی زۆر گیراوە، بەڵام لەوانەیە ھەندێک ھیچیان لەسەر ساخ نەبێتەوە، ئەوانەی دەستیان ھەیە لەو تۆڕە تیرۆریستییەدا سزا دەدرێن، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە، لەبەر ئەوە ئاماری دەستیگرکراوەکان بڵاو ناکەینەوە.

ناوبراو ئاماژە بە دەستگیرکردنی تۆڕێکی تیرۆریستی لە شاری ھەولێر دەکات و دەشڵێت، مەلا ئیسماعیل سووسەیی سێ حەفتەیە دەستگیر کراوە و دانی بەوەدا ناوە، لە ھەولێر خەریکی جێبەجێکردنی پیلانێکی تیرۆریستی بووە و چەندین چەکیش لە ماڵەکەیدا گیراوە.

لەبارەی “مەلا سەلیم شووشکەیی” پەرلەمانتاری پێشووی کۆمەلی ئیسلامی،  تاریق نووری ڕایگه‌یاند”، مەلا سەلیم خۆی لە سلێمانی حەشار داوە و بەڵگەیان لەسەری ھەیە، کە داعشە.

دکتۆر تاریق نووری وتیشى” پێشتر ئێمه‌ زانیاریی ئەوەمان نەبووە كه‌ ھێرش ده‌کرێتە سەر باڵەخانەی پارێزگاى هه‌ولێر، بەڵام کاتێک مەلا ئیسماعیل سووسەیی دەستگیر کرا زانیمان شتێکی لەبەردەستە و دەیەوێ پیلانێک جێبەجێ بکات، دوای دەستگیرکردنی کۆمەڵێک چەکی جۆراوجۆر لە نێو ماڵی مەلا ئیسماعیل سووسەییدا دەستی بەسەردا گیرا، دیارە پیلانی ھەبوو و خۆی ئامادە کردبوو بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی،.

وتیشى” لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا مەلا ئیسماعیل سووسەیی دانی بەوەدا ناوە کە بەیعەتی بە داعش داوە، ھەروەھا پێشتریش تۆڕێکی تیرۆریستیمان دەستگیر کردبوو پەیوەندییان بەو جەماعەتەی مەلا ئیسماعیلەوە ھەبوو و ھاوکاریی داعشی کردووە.

Paylas: