TR KU SO
FB X
Kurdistan

بۆ ماوەی مانگێک ئەم شوێنانە دەوامیان نابێت

سارا
Yazar
📅 02 Kasım 2020 00:45

پەیامی کورد     ...   بۆ ماوەی مانگێک ئەم شوێنانە دەوامیان نابێت

لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و قوتابییان و مامۆستایان خوێندنیان بۆ ماوەی یەک مانگ ڕاگرت و دواتر بەپێی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری نوێ دەردەکرێت.

ئەمڕۆ، ۱ی ۱۱ی ۲۰۲۰، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا (کۆڤید ۱۹) لەبارەی ناوەندەكانی خوێندنی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد و دەوامی خوێندن ڕاگیرا.

بە سەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و، بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و بەرپرسی یەکەی ئیدارە سەربەخۆکان، لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆ بووەوە.

هەر یەک لە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە و فێرکردن، د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕاپۆرتی خۆیان دەربارەی هەڵسەنگاندنی ڕەوشی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان خستە بەرباس، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و، مامۆستایان و، قوتابییان و خوێندكاران، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دەركران:

١. دەوامی قۆناغەکانی ۱ و ۲ی بنەڕەتی و ۱۲ی ئامادەیی (حکوومی ـ ناحکوومی)  تا ۱ی۱۲ ڕادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت.

٢. قۆناغی دوانزەی ئامادەیی دەتوانن تا کردنەوەی قوتابخانەکان، بە شێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی وەربگرن.

٣. قۆناغی سێی بنەڕەتی تا یانزەی ئامادەیی (حکوومی ـ ناحکوومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن.

٤. سەردانکردنی بە گرووپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان تا ڕۆژی ۱ی۱۲ی۲۰۲۰ ڕادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت.

٥. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێوست نییە و ژمارەی قوتابی و خۆیندکارانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان ڕادەگیرێت.

٦. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکوومی تا ڕۆژی ۱ی ۱۲ی۲۰۲۰ ڕادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەكرێت.

٧. دەوامی پەیمانگا حکوومی و ناحکومییەکانی وەزارەتی پەروەردە تا ڕۆژی ۱ی ۱۲ ڕادەگیرێت و سەرلەنوێ هەڵسەنگاندن بۆ ڕەوشی تەندروستی دەکرێت.

٨. بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

٩. لە زانكۆ و پەیمانگەکان بۆ بەشە زانستییەکان و کۆمەڵەی پزیشکی، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە) تا۱ی ۱۲ی ۲۰۲۰ وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

١٠. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە مرۆڤایەتییەکان لە خوێندنی ئاوێتە ڕێژەی هەرەزۆری بە ئەلکترۆنی دەبێت و ئەو بەشە زانستییانەی كه پێویستیان بە تاقیگەوە هەیە تا ڕۆژی ۱ی۱۲ی ۲۰۲۰ خوێندنیان لەنێو كامپەس دەبێت.

١١. ڕاسپاردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاکان بۆ چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکان و پەرستگاکان -مزگەوت و کلێساکان- و پابەندکردنیان بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

١٢. دووپاتکردنەوەی جێبەجێکردنی گشت بڕگەکانی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارە ٥۲ لە ۲٤ی۱۰ی۲۰۲۰.

ئەم بڕیارانە تا ۲ی۱۲ی۲۰۲۰ کاری پێ دەکرێت و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆ دەبێتەوە بۆ سەرلەنوێ تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان.

Paylas: