TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەنداوی دەربەندیخان نزمترین ئاستی لە مێژووی دروستکردنیدا تۆمار کرد

Navas Jan
Admin
📅 03 Ekim 2021 16:00

پەیامی کورد … بەنداوی دەربەندیخان نزمترین ئاستی لە مێژووی دروستکردنیدا تۆمار کرد 

ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاند، ئەمساڵ بەنداوەکە نزمترین ئاستی ئاوی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە، دوو هۆکاریش بۆ ئەو دابەزینە ئاشکرا دەکات.   

ڕەحمان خانی لە لێدوانێکدا (3ی تشرینی یەکەمی 2021) دەڵێت، "زۆرجار ئاستی ئاوی بەنداوەکە هاتووەتەخوارەوە، بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە نزمترین ئاست کە تاوەکو ئێستا تۆمار کرابێت، لەئێستادا 902 ملیۆن مەتر سێگۆشە ئاوی تێدایە."  

ڕوونیشیکردەوە کە "ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بە شێوازێکی گشتی لەڕێگەی ڕووباری سیروانەوە تەرخان دەکرێت کە لە بەری ئێرانەوە دێت و 70%ی ئاوی بەنداوەکەى پێکهێناوە، دوو سەرچاوەی تریش هەن لەناو هەرێمی کوردستاندا کە ئەوانیش ئاوی (ئەحمەد ئاوا و تانجەڕۆ)ـن".  

باسی لەوەشکرد کە "ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی دوو هۆکارەوە کەمی کردووە، یەکەمیان وشکەساڵ و کەمی باران لەمساڵدا، دووەمیان گرتنەوەى ئاوە لەلایەن ئێرانییەکانەوە، چونکە ئێران بەنداوی لەسەر ئاوەکە دروستکردووە و ناهێڵێت ئاوەکە بگاتە عێراق."  

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد کە "ساڵی ئاوی جیاوازە لە ساڵی میلادی، چونکە ساڵی ئاوی لە 1ی تشرینی یەکەمەوە کە وەرزی بارانبارینە دەستپێدەکات."  

Paylas: