بەندکراوێکی کورد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا
پەیامی کورد... بەندکراوێکی کورد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا
بەندکراوێکی خەڵکی ماکۆ کە لە بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگیرابوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونی دۆسیەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و باری تەندروستی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
بەگوێرەیڕاپۆرتێکی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٢، بەندکراوێک بە ناوی محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی ماکۆ بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ٨ ساڵ ناڕوونی دۆسیەکەی لە بەندیخانە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.
محەممەد درەفشی دوای ئەوەیکە یەک هەفتە مانی لە خواردن گرت و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەوە وەڵامی داواکارییەکانی نەدراوەتەوە ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی درەفشی لەمبارەوە ڕاگەیاند: محەممەد درەفشی دوای ئەوەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی خومەینی شاری ئورمیە و تا ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.
محەممەد درەفشی تەمەن ٣٨ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی «مەلا حەسەن» سەر بە شاری ماکۆیە. ناوبراو ٨ ساڵ پێش لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ دوو کەسی دیکە کە برای یەکن بە ناوەکانی فەرزەندە و سدیق شەمس، بە تۆمەتی قاچاخی مرۆڤ دەستبەسەر و لەو کاتەوە بە بێ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکەیان لەلایەن دادگاوە بێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەی ناوەندی ماکۆ بەندکراون.