TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێمی کوردستان زانیارى نوێ لەسەر کێشەى کەم ئاوى خستە ڕوو

Navas Jan
Admin
📅 05 Temmuz 2021 19:34

  پەیامی کورد … بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێمی کوردستان زانیارى نوێ لەسەر کێشەى کەم ئاوى خستە ڕوو

 

بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم ڕایگەیاند، وشکەساڵى کاریگەرى لەسەر بیرەکان دروست کردووە و ژمارەیەک بیر وشکیان کردووە و داواى 30 ملیار دیناریان بۆ چارەسەرى کێشەکە لە حکومەت کردووە.  

 

ئارى ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم (5ى تەموزى 2021) لەمیانەى کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆى وەرزى وشکە ساڵیەوە کانیاو و بیرى ئاوى ناوچە شاخاوییەکانیش کەم و وشکیان کردووە لەزۆربەى ناوچەکانى کوردستاندا.  

  

ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، داواى دابینکردنى 30 ملیار دیناریان  بۆ چارەسەرکردنى ئەو گرفتانە کردووە بەڵام تائێستا حکومەت 2 ملیار دینارى بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە و ئەوانیش وەکو بەڕێوەبەرایەتیەکان بۆ چارەسەرکردنى دۆخەکە بەکارى دەهێنن.  

 

 

ئارى ئەحمەد داواشى لەهاوڵاتیان کرد زیاتر ڕەچاوى دۆخى کەم ئاوى بکەن و دەستى پێوە بگرن بەتایبەت بەستنى تەوافە بۆ تانکیەکانیان و هەروەها جۆرى ئاودانى باخ و باخچەکان و ڕێک بخرێنەوە.  

 

 

بەڕێوەبەرى گشتى ئاوى هەرێم ئەوەشى خستە ڕوو، ڕۆژانە نزیکەى 2 ملیۆن و 250 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەرێم دابین دەکرێت لەڕێگەى 5 هەزار و 700 بیر و 91 پڕۆژەى بچوک و گەورەى ئاوەوە.  

 

 

ئارى ئەحمەد دەشڵێت، نزیکەى 35 بیر لەشارى هەولێر ئاویان تێدا نەماوە و تا کۆتایى وەرزەکەش 10 بۆ 15 بیرى تر ئاویان تێدا نامێنیت.  

 

بەڕێوەبەرى ئاوى هەرێم ئەوەشى ڕوونکردەوە، بەتانکەر بۆ بەشێک لەگەڕەکەکانى شارى هەولێر کە پێویستیان بەئاوە دابەش دەکرێت.  

Paylas: