TR KU SO
FB X
Kurdistan

بەڕێوبەری ئاسایش هۆشداری لە سەر بەهێزبوونی داعش دەدات

سارا
Yazar
📅 31 Ağustos 2019 17:33

پەیامی کورد     ...      بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك، ھۆشداری بەھێزبوون و جووڵەی چەكدارانی داعش دەدات لە كەركووك و ئاشكرای دەكات، داعش گەڕاوەتەوە ھەموو ناوچەكانی كەركووك و لە ھەندێ شوێن چەند سەدمەترێك لە دووریی ھێزە عێراقیەكان كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام داوە.

عەمید ئیدریس رەفعەت ، بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك رایگەیاند: "تیرۆرستانی داعش لە كەركووك و دەوروبەری بە باشی خۆیان رێك خستووەتەوە و وەك پارتیزانی لە سنووری قەزا و ناحیەكان دەستیان بە جووڵە كردووە و لەنێو سەنتەری شاری كەركووكیش داعش خۆی رێك خستووە و شانەكانی كەوتوونەتە خۆئامادەكردن، بە تایبەتی ناوچەكانی خوارووی شاری كەركووك و گەڕەكە عەرەبنشینەكان، ھێزە عێراقییەكانیش چ پۆلیسی عێراقی و چ سوپا و دەزگا ئەمنییەكانی دیكە توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشیان نییە".

بەڕێوبەری ئاسایشی كەركووك دەڵێت: "بە ھۆی بێتوانایی ھێزە عێراقییەكانەوە، داعش توانیویەتی مەفرەزەی پارتیزانی درووست بكات و دەستی خۆی بوەشێنێت، لە چەند مانگی رابردوو قەبارەی داعش زۆر زیادی كردووە، مەفزەكانیان لە ٨ تا ١٠ چەكدار پێك ھاتووە و لە ھەموو سنوورەكانی كەركووك ھەن، بەتایبەتی لە ناوچەكانی عەباسیە و رەشاد و حەویجە و داقووق و ناوچەی كاكەیی تا دەگاتەوە سنووری قەزای دوبز، چونكە لە سنووری قەزای دوبز داعش ئێستا گەڕاوەتەوە ئەو سنوورە و داوا لە مەڕدارانی ناوچەكە دەكەن خواردنیان بۆ دابین بكەن".

لەبارەی ھاوكارییەكانی داعش لە كەركووك، عەمید ئیدریس رەفعەت ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئێمە ناتوانین پەنجەی تۆمەتباركردن بۆ ھیچ ھێز و كەسێك درێژ بكەین، بەڵام سوپای عێراق و پۆلیسی بەشێك لە سەرۆك ھۆزەكانی كەركووكی ئاگادار كردووەتەوە كەسیان دەستوەردان لە كارەكانی ئەوی تر نەكات، لە زۆر شوێنیش داعش چەند سەد مەترێك لە ھێزە عێراقییەكانەوە دوور بووە و كردەوەی تیرۆرستی ئەنجام داوە بێ ئەوەی ھێزە عێراقییەكان ھەڵوێستیان ھەبێت".

Paylas: