بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر : شەممەی داهاتوو سەرجەم قوتابخانەکان دەکرێنەوە
پەیامی کورد ... بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر : شەممەی داهاتوو سەرجەم قوتابخانەکان دەکرێنەوە
ڕۆژی ۲۷ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێیدا و دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی قوتابیانی پۆلی دوانزەهەمی ئامادەییدا کرانەوە، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێریش دەڵێت، شەممەی داهاتوو قوتابخانەکان بە ڕووی قوتابیانی پۆلی یەکەم و دووەمی بنەڕەتیدا دەکرێنەوە، لە هەمان کاتیشدا خوێندنی ئەلیکترۆنی پۆلەکانی تر دەست پێدەکات.
بەشدار عەبدۆلخالق، بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێریش ڕایگەیاند: "ڕۆژی شەممەی داهاتوو، دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن دەبێت بۆ پۆلی یەکەم و دووەمی بنەڕەتی، کە سەرەتای خوێندنیانە، هەروەها لە هەمان ڕۆژدا پۆلی سێیەمی بنەڕەتی تا یانزەهەمی بنەڕەتی، بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەست بە خوێندن دەکەن".
بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەولێر ووتیشی: "ماوەی چەند ڕۆژێکە دەست بە پاککردنەوەی گشت قوتابخانەکان و دەرمانڕێژکردنی سەرجەمیان لە هەرێمی کوردستان کراوە، هەروەها کۆبوونەوە بە گشت بەڕێوبەری قوتابحانەکان کراوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێکارە نوێیەی پێیان گوتراوە، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت و قوتابی لە هۆڵەکانیان کەم بکرێنەوە، کە پێویستە هەر دوو قوتابییەک مەتر و نیوێک نێوانیان بێت لە نێو هۆڵەکانی خوێندندا و، مامۆستایانیش بەردەوام فێری خۆپارێزی و پاکوخاوێنییان بکەن".
عەبدۆلخالق دەشڵێ: "لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابیان دابین کراوە، وەک دەمامک و پاککەرەوەی دەست و دەستکێش و پێداویستییە تەندرووستییەکانی دیکەی خۆپارێزی".