کۆڵبەرێک لە سنووری سەردەشت کوژرا
پەیامی کورد … کۆڵبەرێک لە سنووری سەردەشت کوژرا
کۆڵبەرێکی دیکە لە سنووری سەردەشت بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و بەمەش لەماوەی حەوتوویەکدا ٤ کۆڵبەر کوژراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆتایی شەوی شەممە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢١، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری دۆڵەبی سەردەشت تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک کوژراوە.
ناسنامەی ئەو کۆڵبەرەی ئومید محەمەدزاده تەمەن ٣٩ ساڵ ڕاگەیەندراوە کە خەڵکی گوندی گڕوەیس و دانیشتووی شارۆچکەی ڕەبەت بووە. ئومید گوللەیەک بەر کەلکەی کەوتووە و بە هۆی خوێنڕێژی گیانی لە دەست داوە.
ئومید محەمەدزاده خێزاندار و باوکی سێ منداڵی ١٢، ٧ و ٥ ساڵانە و تەرمەکەی هێشتا لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت ڕاگیراوە و ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی سەردەشت، بانە و نەوسوود گیانیان لە دەست داوە کە سێ کەسێان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.