بەرێوبەرایەتی گومركی هەرێمی كوردستان ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
پەیامی کوردستان … بەرێوبەرایەتی گومركی هەرێمی كوردستان ڕونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومركی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم لەسەردانی شاندی چاودێری دارایی ناوەند سەرجەم داتا و زانیاری و داهاتەكانی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانی خستوەتە بەردەمی تیمەكە و بە پێی ئەو داتایانە حكومەتی ناوەند لە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی ئەو داهاتانە دادەشكێنێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومركی هەرێمی كوردستان لە رونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە:" دوابەدوای بڵاوبونەوەی هەواڵێك كە هەرێمی كوردستان داهاتی گومركی رادەستی حكومەتی عێراق نەكردوە، بە پێویستی دەزانین هەمو لایەك ئاگادار بكەینەوە كە لە چوارچێوەی ئەو پابەندە داراییانەی كەوتوەتە سەر حكومەتی هەرێم بەرامبەر بەغدا، حكومەتی هەرێم لەسەردانی شاندی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و ناوەند سەرجەم داتا و زانیاری و داهاتەكانی دەروازەكانی هەرێمی كوردستانی خستوەتە بەردەمی تیمەكە".
ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی ئەو داتایانەی كە خراوەتە بەردەست لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، حكومەتی ناوەند لە بودجەی هەرێمی كوردستان بڕی ئەو داهاتانە دادەشكێنێت و ئەم ڕێكارە بە پێی ماددەی 11ی لە یاسای بودجەی ساڵی 2021 جێبەجێ دەكرێت واتا لێبڕینی داهاتی نەوتی و نا نەوتی راستەوخۆ لە وەازرەتی دارایی عێراقەوە دەبێت و ئەم پڕۆسەیە لە مانگی 1ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت.