بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی پارتی : ئێمە وەک پارتی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ڕەتدەکەینەوە
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دەڵێ، بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ ھەژمارنەكردنی دەنگدانی تایبەت و ئاوارەكان لە ھەرێمی كوردستان، بە تایبەت ھێزی پێشمەرگە، كە كەرامەتی خەڵكی كوردستانی پاراستووە، ١٠٠% سیاسییە و بۆ لێدانە لە ھەرێمی كوردستان و مەبەستیش لێی، دەستكاریكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانە.
دوێنێ، مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیێندراوێكدا ئاماژەی دا، بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراق نایاسایی و نادەستوورین و دژی خواست و ئیرادەی گەلی عێراق بە گشتی و خەڵكی كوردستان بە تایبەتین، بۆیە داوا دەكەن بە زوویی چاو بە بڕیارەكانی پەرلەمانی عێراقدا بخشێندرێتەوە، ئەگەرنا ھەڵوێستیان دەبێت.
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، عەلی حسێن، ڕایگەیاند: "ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تێبینیمان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن ھەبووە و لە ھەندێك شوێندا دەنگی ئێمە زیاتر بووە و حیساب نەكراوە، بەڵام بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بۆ ژماردنەوەی دەنگەكان بێت لەسەر ئاستی عێراق، ئەوە كارێكی باشە، وەلێ ئەوەی پەرلەمانی عێراق كردوویەتی، سیاسییە، چونكە زیاتر جەختیان لەسەر كوردستان كردۆتهوه و تەنیا دەنگدانی تایبەتی كوردستانیان ھەڵوەشاندووەتەوە كە پێشمەرگە بەشێكە لە ھێزەكانی مەنزومەی عێراق، بۆیە ئەگەر ھەموو دەنگی تایبەتی عێراقیش ھەڵوەشێندرابووایەوە بە ھێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوە، ئەو كات دەتواندرا قسەی لەسەر بكرێت، ئەگەر بە تەواوی ڕوون كرابووایەوە ھۆكارەكەی چییە، بەڵام تەنیا ھەژمارنەكردنی دەنگی پێشمەرگە، سزادانی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەیە و، ئێمە ئەوە بە تووندی رەت دەكەینەوە".
عەلی حسێن گوتیشی: "جگە لەوە، بڕیار دراوە دەنگی ئاوارەكان ھەژمار نەكرێت، كە ئەمە پێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی كۆمسیۆنە، بۆیە ئێمە ئەوەیش رەت دەكەینەوە، چونكە ئەمە لە ھەموو عێراق نییە و پرسێكی سیاسییە و بۆ لێدانی ھەرێمی كوردستان و ھیزە سیاسییەكانی كوردستانە".
بەرپرسی پەیوەندییە نیشتیمانییەكانی پارتی دەشڵێ، ھەندێك شتی نامەنتیقی ھەیە، جا ھەر ھێزێك پشتگیریی بڕیارەكانی پەرلەمان بكات، هەڵەی گەورە دەكات، چونكە پێشمەرگە بوونی ھەیە و كەرامەتی خەڵكی كوردستانی پاراستووە و دەنگێكی زوڵاڵە، بۆیە ئەمە پێشێلكردنی یاسا و دەستوورە و ١٠٠% سیاسییە و بۆ دەستكاریكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە عێراق و بە تایبەتیش لە ھەرێمی كوردستانە.
عەلی حوسێن باسی لەوەش كرد، دادگای فیدراڵی قسەی خۆی دەبێت و ئەمە قبوڵ ناكات، چونكە بڕیارەكان پێچەوانەی یاسا و دەستووری عێراقن.
لە ١٢ی ئایاری ئەمساڵدا، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و ئەو كوتلانەی لەو ھەڵبژاردنەدا شكستیان برد و دەنگیان كەمی كرد، هەوڵیان دا ئەنجامەكانی ئەو ھەڵبژاردنە ھەڵوەشێننەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان بۆ ئەمساڵ، ھەموار كردەوە.