بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کەرکووک پارتی بە جیددی لەگەل بەغدا ووتووێژ دەکات
پەیامی کورد ... جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك_ گەرمیانی پارتی رایگەیاند : پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داوە گفتوگۆی جیددی لەگەڵ بەغدادا بكات، بۆ ئەوەی كێشەكانی كەركووك چارەسەر بكرێن، چوونكە ناكرێت گرفتەكان بەو شێوەیە بەردەوام بن و دۆخەكە وا بە ئاڵۆزی بمێنێتەوە.
دیاری حسێن جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك_ گەرمیانی پارتی رایگەیاند : "بەشێكی زۆری تەوەری كۆبوونەوەی دوێنێی سەركردایەتی پارتی، باسكردن بوو لە سەر دۆخی كەركووك و تەعریب و سووتاندنی گەنم و تاڵانكردنی ماڵ و مۆڵكی خەڵكی كەركووك، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داوە گفتوگۆی جیددی لەگەڵ بەغدا بكات، بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن".
بە پێێ قسەکانی ئەو رای پارتی نەگۆڕە و پێویستە دۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و ھێزە سەربازییەكان لە ناوشار دەربكرێن و پارێزگارێكیش دەستنیشان بكرێت، كە كەسێك بێ بە دڵی پارتی و یەكێتی بێت، نەك كەسێك كە دەستی لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا هەبووبێت.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركووك_ گەرمیانی پارتی باسی لەوەش كرد، سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە، كە لە مێژوودا كێشەی كورد لەگەڵ بەغدا كەركووك بووە، بۆیە كەركووك كوردستانییە و قەت دەستبەرداری نابین و گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا كراوە و گفتوگۆی زیاتریش دەكرێت، بۆ ئەوەی كۆتایی بەو كێشە بھێندرێت.
دەشڵێ، رێككەوتن كراوە و پارتیش رێككەوتنەكەی لە ڕاگەیاندندا بڵاو كردووەتەوە، بۆیە پێویستە خاڵ بە خاڵ جێبەجێ بكرێت، هەروەها دەنگنەدانی یەكێتیش بە سەرۆكی ھەرێم، پێشێلكردنی رێككەوتنەكەیە، بەڵام پارتی ھەمیشە دەرگای واڵایە بۆ گفتوگۆ، "ئێمە لەگەڵ پارێزگارێكی كوردین، كە كەسێك بێت بە دڵی ھەردوولامان بێت و نابێت بە ھیچ شێوەیەك دەستی لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەردا ھەبێت".