بەرزکردنەوەی پلەی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەست پیدەکاتەوە
پەیامی کورد ... سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٧ـوە پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە نەگەڕابووەوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی داوە و سبەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران وەجبەی یەكەمی ناوەكانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە.
میران بەكر، سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : لە ساڵی ٢٠١٧ـوە پلە بەرزكردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە وەستابوو، سەرۆكی حكوومەت رەزامەندی داوە، بڕیارە سبەی سێشەممە یەكەم وەجبەی ناوی ئەفسەرانی پێشمەرگە بۆ پلەبەرزكردنەوە بگەڕێتەوە، كە ئەمەش هەنگاوێكی گرینگە و دەمێكە ئەفسەرانی پێشمەرگە چاوەڕوانن پلەیان بەرز بكرێتەوە، بەڵام تا نەگەڕێتەوە، نازانین كە ژمارەیان چەندە ئەوەی وەجبەی یەكەم دەگەڕێنەوە.
ناوبراو گوتیشی، لە ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەك هەیە پێداچوونەوە بە ناوەكاندا دەكات و ئەوەی شایستە بێت ناویان بۆ پلەبەرزكردنەوە دەگەڕێتەوە و پلەكانیان بەرز دەبێتەوە، چوونكە چەند ساڵێكە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت بەڵێنی داوە و رەزامەندیشی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ناوی وەجبەی یەكەمی ئەفسەران بگەڕێتەوە.