ڕێباز حەملان وەڵامی کەناڵی KNN دەداتەوە
وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم روونكردنەوە لەسەر دابەشكردنی موچەی پۆلیسی پاسەوانی دەدات و رەتیدەكاتەوە بە وەزیری ناوخۆی وتبێت مووچەی ئەو هێزە بە سیستەمی نوێی مووچە دابەشنەكرێت.
لە روونكردنەوەکەی نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم، ئاماژە بەوەش دراوە کە سیستەمی نوێی مووچە سەرچاوەكەی 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و 317 ملیار دیناری بەغدایە.
دەقی روونكردنەوەكە:
لە گەشتی هەواڵەكانی كەناڵی KNN راپۆرتە هەواڵێك بڵاوكرایەوە و تیایدا هاتبوو كە گوایە لە پەراوێزی كۆبوونەوەی رۆژی سێ شەممەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری بە وەزیری ناوخۆی وتوە مووچەی هێزەكانی پۆلیسی پاسەوانی بە سیستەمی نوێی مووچە دابەشنەكرێت.
ئێمە لە نوسینگەی رۆژنامەوانی وەزیری دارایی و ئابوری رایدەگەینین، ئەم راپۆرتە هەواڵە دوور لە ئیتیكی رۆژنامەوانیە و بێ بەڵگەیە بە بێ وەرگرتنی زانیاری و رای وەزارەتمان سەر لەبەری راپۆرتەكە دوورە لە راستی و لە كۆبوونەوەكە هیچ بابەتێكی لەو جۆرە باس نەكراوە.
هەروەها لەسەرەتای چاككردنی سیستەمی نوێی مووچە وەزیری دارایی و ئابووری وتویەتی بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران 10 ملیار دینار بۆ مووچەی وەزارەتی ناوخۆ دانراوە بۆ پێداچوونەوە بە مووچە بە سیستەمی نوێ، وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەو بڕە پارەیەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەكردوە و لەسەر ئەو بڕیارە وەزارەتی ناوخۆ سەرپشك كراوە بۆ دەستكاریكری سیستەمی نوێی مووچە.
بۆ وەبیر هێنانەوەش سیستەمی نوێی مووچە سەرچاوەكەی 378 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان و 317 ملیار دیناری بەغدایە.
لە كۆتایدا هیوادارین دامودەزگاكانی حكومەت و دەرونی مووچەخۆران تێكەڵ بە بانگەشەی هەڵبژاردن و ململانێی حزبی نەكرێن.