TR KU SO
FB X
Kurdistan

بازاڕێکی نوێ دەکرێتەوە

سارا
Yazar
📅 25 Temmuz 2020 18:53

پەیامی کورد      ...    بازاڕێکی نوێ دەکرێتەوە

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی دوێنێ زۆرینەی دووکانەکانی سووتا، ئەمڕۆ لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستانیان کرد و بڕیادرا لە رێگەی لیژنەیەکەوە داخوازی خاوەن دووکانە جێبەجێبکرێت، روانگەی حکوومەتیش ئەوەیە بازاڕێكی هاوچەرخ بۆ کاسبکاران درووستبکرێتەوە.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەسەرکردنەوەی بازاڕی سیمی گەڕەکی کوردستان کە دوێنی بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە ٢٥٠ دووکان سووتان باسی لەوەکرد،  لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئەمڕۆ سەردانی بازاڕەکی سیمی گەڕەکی کوردستانیان کرد و بڕیادرا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی هاوکاریکردنیان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی گرفتەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی ئەوەی سێ جارە رووداوی ئاگرکەوتنەوە لەناو بازاڕەکەدا درووستدەبێت و هاووڵاتیان زیانمەند دەبن، وەک حکوومەت پێمانباشە لەشوێنی نزیک لەو گەڕەکە، بازاڕێكی هاوچەرخ بۆ کاسبکاران درووستبکرێتەوە و حکوومەتیش خزمەتگوزاری کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، رێگاوبان و سیستەمی بەرگری شارستانی بۆ دابین دەکات.

دوێنێ بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی بەرگری شارستانی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەرەبەیانی  رۆژی هەینی ئاگر لە بازاری سیمی گەڕەکی کوردستان لە هەولێر کەوتوەتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٥٠ دووکان سووتاون، بەوتەی خاوەن دووکانەکان بازاڕەکە بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک دووکان بە نایاسایی و لەدەرەوەی رێنماییەکان درووستکراون، وایکردوە  ئۆتۆمبێلەکانی بەرگری شارستانی نەتوانن بێنە ناوبازاڕەکە و بوونی ژمارەیەک بەربەستی کۆنکرێتیش لەبەردەم دەروازەی بازاڕەکە هۆکارێکی دیکەی درەنگ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بوە.

خاوەن دووکانەکان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی حکوومەت خزمەتگوزاری وەک کارەبای بەردەوامی بۆ بازاڕەکە دابین نەکردوە، زۆرینەی دووکانەکان سێ هێڵی کارەبایان راکێشاوە و ئەوەش جەنجاڵییەکی زۆری درووستکردوە، کە بەئەگەری زۆر بوونی شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکەبووە و بەهۆیەوە ٢٥٠ دووکان زیانمەندبوون و زیانەکانیش بە دەیان هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

Paylas: