دانیشتنی دادگای ٦ مامۆستای قوتابخانە لە سنە بەڕێوە چوو
پەیامی کورد... دانیشتنی دادگای ٦ مامۆستای قوتابخانە لە سنە بەڕێوە چوو
دانیشتنی دادگای تایبەت بە ٦ کەس لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان و چالاکانی پیشەیی شاری سنە لە ڕۆژانی پێنجشەممە و شەممە لە لقی دووی داگای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بەڕێوە چوو. هەنگاو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە دانیشتنی دادگای ٩ مامۆستای دیکە بەڕێوە چووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ دانیشتنی دادگای هەر یەک لە فاتیمە زەند کەریمی، موختار ئەسەدی و کوروش عیزەتی بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت لە لقی دووی داگای گشتی و شۆڕشی شاری سنە بەڕێوە چووە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی پووشپەڕ هەر یەک لە سادق کەنعانی، شاریار نادری و ڕزگار حەیدەی لە هەمان لقی دادگا دانیشتنی تایبەت بە ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵیان بەڕێوەچووە.
پێشتریش دانیشتنی دادگای ٩ کەس لە مامۆستایانی کوردستان بە ناوەکانی سەلاح حاجی میرزایی، محەممەد ڕەزا مورادی، نەسرین کەریمی، مریەم ئەحمەدی، مەجید کەریمی و غیاس ئەحمەدی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجوومەنی پیشەیی مامۆستایان لقی سنە و کەڵاتەزارن و فەیسەڵ نووری، ڕەزا تەهماسبی و ئارام ئیبراهیمی لە چالاکانی پیشەیی سنە بەڕێوە چووە و لەو دانیشتنەدا بە "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" و "هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" تۆمەتبار کراون.
جێگای ئاماژەیە ژمارەیەک لەم کەسانە مانگی ڕابردوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و ژمارەیەکی دیکەشیان بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.