TR KU SO
FB X
Kurdistan

داوای قەدەغەی ٢٨ ڕۆژی دەکرێت بۆ زاڵ بوون بە سەر کۆرۆنادا

سارا
Yazar
📅 06 Temmuz 2020 19:45

پەیامی کورد    ...    داوای قەدەغەی ٢٨ ڕۆژی دەکرێت بۆ زاڵ بوون بە سەر کۆرۆنادا .

سەرباری چەندین رێكاری تووندی خۆپارێزیی لە هەرێمی كوردستاندا بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا ژمارەكان لە زیادبوون و هەڵكشاندان و لە قۆناغی مەترسی دەرنەچووە.
بەپێی دوایین ئامارەكان تائێستا، نزیكەی حەوت هەزار و ٥٠٠ كەس لە هەرێمی كوردستان تووشی ڤیرووسی كۆرۆنا بوون، بەڵام بەرپرسانی تەندرووستی دەڵێن ئەمانە ژمارەی ئەوانەن، كە دۆزراونەتەوە، ئەگەرنا دەیان هەزار تووشبوو لە شارەكاندا هەن و نیشانەكانی نەخۆشییەكەیان لێ دیارە.
سەرەتای هاتنی ڤیرووسەكە بە رێكاری خۆپارێزی تووند، بەرپرسانی تەندرووستی و ئەمنی و ئیداری رووبەڕووی بوونەوە لە كەرەنتینەكردن و قەدەغەكردنی هاتووچۆی تەواو تا رێپێدانی مەرجدار و بڵاوكردنەوەی بەردەوامی رێنمایی تەندرووستی، بەڵام هەموو ئەمانە نەیتوانی رێگا لە بڵاوبوونەوەی خێرای ڤیرووسەكە بگرن تا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی بەشێك لە بەرپرسانی تەندرووستی زەنگی مەترسی لێبدەن و بڵێن بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێین.
لەوبارەیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاندوە "هەڵكشانی قۆناغی دووەم لە بەریەككەوتن و هاتووچۆی جەژنی رەمەزانەوە دەستیپێكرد، بەداخەوە ئەو هەڵكشانە لەوكاتەوە بەردەوامە و تائێستا هەروایە، بەداخەوە ئێستا لە هەولێر رۆژانە سەرووی ٥٠ تووشبوو تۆمار دەكرێت كە هێز و توانای بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی لەڕووی پێداویستی پزیشكی هەروەها لەڕووی كارمەندی پزیشكی لەو ئاستە نییە ئەو هەموو پشكنینە بكات، ئێمە پێشتر پشكنینی هەڕەمەكیمان دەكرد لەناو خەڵك، بەڵام ئێستا تەنها پشكنین بۆ ئەوانە دەتوانین بكەین كە نیشانەكانیان هەیە و خۆیان سەردانمان دەكەن، ئەم دۆخە وایكرد پێشتر سەرچاوەی ڤیرووسەكە دیاربوو، بەڵام ئەم بەریەككەوتنەی خەڵك وایكرد سەرچاوەكە ونبێت و لە بازاڕ و لەناو خەڵكدا بێت و لە كەسێك بۆ كەسێكی دیكە بگوازرێتەوە و بەو رادە زۆرە بڵاوبێتەوە".
هەروەك هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەی ڤیرووسەكە بۆ خەڵك دەگەڕێنێتەوە و وتی "بەداخەوە بەشێك لە هاووڵاتیان وەك پێویست پابەندی خۆپارێزی نەبون، بابەتێكی روونە ئەو ڤیرووسە لە مرۆڤێكەوە بۆ مرۆڤێكی دیكە دەگوازرێتەوە چەند بەركەوتن هەبێت ئەوەندە زیاتر ڤیرووسەكە بڵاودەبێتەوە بۆیە پابەندنەبونی بەشێك لە هاووڵاتیان هۆكاری سەرەكی بڵاوبوونەوەكەیە".
بە سیاسیكردنی دۆخەكەش بە هۆكارێكی دیكە دەزانێت و دەڵێت "بەداخەوە لە هەندێك لە شارەكانی دیكە دەنگۆی ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو ڤیرووسە زۆر جێی مەترسی نییە، دەنگۆیەكی دیكە بڵاوكرایەوە كە بە هاتنی وەرزی گەرما نەمێنێت، بەداخەوە لە سۆشیال میدیا و بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن ئەوەیان بڵاوكردەوە كە ئەمە مەرامێكی سیاسییە و بۆ نەدانی مووچەیە، ئەمانە هەمووی وایانكرد هاووڵاتیان ساردبنەوە لە خۆپارێزی و گوێ بە مەترسی ڤیرووسەكە نەدەن".
سەرباری تووندكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی كۆرۆنا، بەڵام هێشتا كەم نین ئەو هاووڵاتیانەی پابەندنابن و سەرپێچی بڕیار و رێنماییەكان دەكەن، بۆیە ژووری ئۆپراسیۆنەكان لە پارێزگاكان بە سزادان مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەكەن.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و ٢٦٠ دوكان و شوێنی بازرگانیی بە داخستن و پێبژاردنی دارایی سزا دراون.
لە میانی شەش رۆژی قەدەغەكردنی تەواوەتی هاتووچۆشدا لەناو شاری هەولێر، ٥٠ شوێنی دیكە سزادراون و داخراون.
پزیشك و تیمە تەندرووستییەكانیش پشكی شێری هۆكاری هەڵكشانی ژمارەكانی تووشبووان هەر دەخەنە ئەستۆی هاووڵاتیان، چونكە ئەوانیش دەڵێن؛ ئەگەر هاووڵاتی پابەندبێت و خۆی بپارێزێت ڤایرۆسەكە ناگوازرێتەوە و دەتوانین بنەبڕ بكرێت.
لەو روانگەیەوە هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر دەشڵێت "بەپێی ئەو لێكۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنانەی كردوومانە ئەگەر ٢٨ رۆژ قەدەغەی تەواو و تووندی هاتووچۆ رابگەێنین و رێگا لە هەموو بەریەككەوتنێك بگرین سنورەكانی هەولێر بەتەواوی دابخەین و رێگانەدەین لە بازگەكانەوە بۆ ماوەی ٢٨ رۆژ هیچ كەسێك بێتە ناو شاری هەولێر دەتوانین بەتەواوی سەركەوتووبین بەسەر ڤیرووسەكەدا، بەڵام ئەمە بڕیارێكی قورسە و لەم بارە سەختە داراییەدا ناتوانین بڕیارێكی لەو جۆرە بدەین".
لەو چوارچێوەیەشدا شاخەوان خەیلانی بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر دەڵێت "شتێكی شاراوە نییە ئەم ڤایرۆسە لەڕێگای كۆئەندامی هەناسەدانەوە دەگوازرێتەوە، هەر نەخۆشییەكیش لەڕێگای كۆئەندامی هەناسەدانەوە بگوازرێتەوە رێگایەكی خێرایە بۆ بڵاوبونەوە، ئەگەر خۆمان نەپارێزین و رێنماییە تەندروستییەكان وەك خۆی جێبەجێ نەكەین، ژمارەی تووشبووان هەمیشە هەڵدەكشێت و بڵاودەبێتەوە".
شاخەوان خەیلانی دەربارەی زۆری ژمارەكان لە سلێمانی لە چاو شارەكانی دیكەش دەڵێت "لەبەرئەوەی سلێمانی دوو تا سێ هەفتە لەپێش هەولێر و شارەكانی دیكەوەیە لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە تیایدا، بۆیە لەوێ ژمارەكان زیاترن لە هەولێر یان شارێكی دیكە و ئەگەر خۆپارێزی تەواو نەكرێت شارەكانی دیكەیش دەگەنەوە بەو ژمارانە".
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیماراتی تایبەت بە كۆرۆنا لە هەولێر، كە سەرپەرشتی نەخۆشخانەیەك دەكات و ئێستا قەڵەوێرەكانی هەمووی پڕبوون لە توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و جێگای نەماوە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیكە، ترسی خۆی لە زیاتر بوونی ژمارەكان نەشاردەوە و وتی "لە مانگی چوارەوە دەڵێم بەرەو قۆناغی مەترسیدار دەڕۆین، مەترسییەكە لەوەیە ئەگەر ژمارەكان لەوەی ئێستا زیاتربێت ئەوكات نە شوێن دەمێنێت نەخۆشی لێ بمێنێتەوە نە كەرەستە و پێداویستی پزیشكیی وەك پێویست بەش دەكات نە كارمەند و پزیشكانیش توانایان بەسەر ئەو ژمارە زۆرەی توشبووندا دەشكێت بۆیە باشترین رێگا بۆ رێگری لەو دۆخە تەنها خۆپاراستنی هاووڵاتیانە".

Paylas: