چەکدارانی داعش بەجلی مەدەنیەوە دەچنە نێو شارۆچکەی جەلەولاوە
بەوتەی بەڕێوەبەرى ناحیەى گوڵاڵە (جەلەولا) ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش بەجلى مەدەنیەوە ڕۆیشتونەتە نێو شار و شارۆچکەکانى پارێزگاى دیالەوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا (شێخ یەعقوب لهێبى) بەڕێوەبەرى ناحیەى گوڵاڵەى پارێزگاى دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاندووە، کە "زانیاریمان لایە، ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش هاتوونەتە نێو ناحیەى جەلەولاوە."
دەشڵێت، "ئەو خەڵکانەى چەکدارەکانى داعش دەناسن، پـێمان دەڵێن کە زۆریان لەنێو شاردا دەبینین."
ئاماژە بەوەشکراوە، کە وێنە و ناسنامەى ژمارەیەک چەکدارى داعش لاى دەزگا ئەمنیەکانن، کە پێشتر بە فەرمى چەکدارى داعش بوون و ئێستا بە ریشیان تاشراوەوە بۆ نێو شارەکان گەڕاونەتەوە.
هەر بە پێی زانیارییەکان، ژمارەیەکى زۆر چەکدارى داعش هاتوونەتە گوندەکان و رۆژانە پەلامارى خاڵە سەربازیەکان دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە ماوەی چەند شەوى رابردوو، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، دوو موختار لە سنورى ناحیەى قەرەتەپە کوژران، شەوى رابردووش پێنج هاووڵاتی دیکەیان لە ناحیەى سەعدیە رفاندووە، چەندین بۆمبیشیان لە سەر رێگە سەرەکیەکان داناوە.