دەرهێنەرێکی کورد لە سەقز دەستبەسەر کرا
پەیامی کورد … دەرهێنەرێکی کورد لە سەقز دەستبەسەر کرا
یەکێک لە هونەرمەندانی لاوی خەڵکی شاری سەقز کە کاری بەرهەمهێنان و دەرهێنانی چەندین کورتە فیلمی ئەنجام داوە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٩ی کانوونی دووەم، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز، مێقداد حەسەن نەژاد تەمەن ٢٧ ساڵ و ناسراو بە کاردۆخ هونەرمەندی لاوی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر کردووە.
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سەقز مێقداد یان دەستبەسەر کردووە.
مێقداد حەسەن نەژاد تا ئێستا چەندین کورتە فیلمی وەکوو، «شەقامەکان لە ڕوانگەیەکی دیکەوە»، «بازنە» و «Exit» ی بەرهەم هێناوە و ئەرکی دەرهێنانیشی لە ئەستۆ بووە.
تا کاتی نووسینەوەی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکار یا ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ مێقداد حەسەن نەژاد و هەروەها شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەست نییە.