TR KU SO
FB X
Kurdistan

دەروازەی ڕاپەڕین لە دەمی بەشداربوویەکی ڕاپەڕینی ڕانیەوە

📅 05 Mart 2018 22:26

نیازی محەمەد عەزیز، بەشداربووی ڕاپەڕینی شارۆچکەی ڕانیەیە دەڵێت "خەڵکی هێندە تاسەی سەربەخۆیی دەکرد، هێندە ئازاری بە دەس بەعسەوە چەشتبوو، دوو ڕۆژ بەر لە وادەی دیاریکراو، کە لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە بۆ ڕاپەڕین دیاری کرابوو، ڕانییە یەکەم بڵێسەی ڕاپەڕینی هەڵکرد".

 

پاش شکستی سیاسی، سەربازی، دیپلۆماسی و ئابووریی حکوومەتی بەعسی عێراق بە داگیرکردنی دەوڵەتی کوێت لە ٠٢ـ ٠٨ـ ١٩٩٠، هەلێکی زێڕین بۆ گەلانی عێراق، بە تایبەتی گەلی کورد لە باشووری کوردستان هەڵکەوت، کە لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە سەرکوتکەرەدا ڕاپەڕن و کۆتایی بە داگیرکەریی دەیان ساڵەی بهێنن.

 

ڕاپەڕین ٥ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەوە دەستی پێ کرد و تا ٢١ی ئازاری ١٩٩١ لە پاش ئازادکردنی کەرکووک کۆتایی ھات، نیازی حەمە عەزیز، کە ئەوکات ئەرکی سەرپەرشتیاری ڕاگەیاندنی پێ سپێردراوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، چیرۆکی حەماسەتی هاووڵاتییانی شارۆچکەی ڕانیە و دەوروبەری دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "سەرەتا لە چوارقوڕنە، ٥ی ئازار، هاووڵاتیان دەستیان کردبوو بە خۆپێشاندان و گرژییەک دروست ببوو، بەڵام ڕژێم فریا کەوت و نەیهێشت هیچ شتێک ڕوو بدا، ئەو دەنگوباسە گەیشتە ڕانیە، بەرەی کوردستانیش خەڵک و شانەکانی خۆیان هاندابوو شانەی چەکداری دروست بکەن بۆ ڕۆژی ڕاپەڕین، بە هۆی خۆشەویستیی خەڵکەوە بۆ ئازادی، لە بەرەبەیانییەکەیەوە خۆپێشاندان دەستی پێ کرد".

 

بەرەی کوردستانی بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کاروباری ناوخۆییان بەڕێوە دەبرد، هاوکات تاڵەبانیش کاروبارەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردرابوو، بەرنامەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە ڕێکەوتی ٧-٣-١٩٩١ داندرابوو، بەڵام وەک ئەو ئەو بەشداربووەی ڕاپەرینی ڕانیە ئاماژەی پێ دا: "خەڵکی هێندە تاسەی سەربەخۆیی دەکرد، هێندە ئازاری بە دەس بەعسەوە چەشتبوو، دوو ڕۆژ بەر لە وادەی دیاریکراو، کە لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە بۆ ڕاپەڕین دیاری کرابوو، ڕانیە یەکەم بڵێسەی ڕاپەڕینی هەڵکرد".

 

سەرەتای دەسپێکردنی ڕاپەڕین

بەشداربووەکەی ڕاپەڕینی ڕانیە، هێمای بۆ یەکەم هەنگاوی ڕاپەڕینی هاووڵاتییانی شارۆچکەکە کرد، کە خەڵکانی تینووی ئازادی و چەوساوەی دەستی ڕژێمی داپڵۆسێنەری بەعس، بە گەورە و بچووکەوە، تەنانەت ئەوەی پێشتر چەکداری بەعس بووە، هاوشانی خەڵکی ئاسایی بە خاکەناز و ماسیحە و تەور و دار، هەندێ لەو هاووڵاتییانەیشی کە چەکیان لە ماڵدا هەبوو و شاردبوویانەوە، چەکەکانیان دەرهێنا و سەرەتا بەرەو مزگەوتی گەورەی ڕانیە، گەورە و بچووکی دانیشتوانی شارۆچکەکە بە خۆپێشاندان ڕۆیشتن، بەڵام لە لایەن ئەمنەکانەوە تەقە لە هاووڵاتییان کرا، "پێم شک نایەت مەگەر تاک و تەرا کەسێک لە ماڵ بووبێت، دەنا هەموان بە پێر و منداڵ و ئافرەتەوە، دەستە دەستە خۆیان ڕێک خستبوو، منیش کاری ڕاگەیاندنم پێ سپێردرابوو، یەکەم گەنج بە ناوی ئەردەڵان ئەدهەم بە تفەنگ وەڵامی تەقەی ئەمنەکانی دایەوە، ئەوەش بووە بەشێکی تر لە زیاترکردنی حەماسەتی خەڵکەکە و بووە چەپڵەڕێزان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، کە هەزاران کەس ئامادە بوون، چووینە ناو مزگەوتەکەوە و سوودمان لە بڵندگۆی مزگەوتەکە وەرگرت و بانگەوازی ڕاپەڕینمان هاوشانی ئێزگەکانی پارتی و یەکێتی بە گوێی خەڵکیدا دەدا".

لە گەڕەکی ئازادیی شارۆچکەکەشەوە عەلی نەبی و خزمەکانی، کە چەکداری ڕژێم بووە، بەڵام لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە نامەی پێ گەیشتووە، دەس بە ڕاپەڕین دەکات و لە بەردەم مزگەوتی ناجییە خان، دوو لە بەعسییەکان بە ناوی ڕەفیق عەبدوڵڵا و قاسم هەولێری دەکوژن، کە بە مەبەستی کوشتاری خەڵکی لەوێدا بوون، وەک نیازی گوتی: "ئەوەش بووە بەشێکی تر لە بەرزبوونەوەی ورەی خەڵکی و دەیان هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان، کە بووە هۆی پەلاماردانی ئەمنی ڕانیە، پاشان بەرەو منەزەمە ڕۆیشتن، ئێستا کۆمیتەی یەکێتییە، دوای دانی ٣ شەهید و ٢٠ بریندار، دەستی بەسەردا گیرا، دواتریش دەزگای موخابەراتی بەعس بە برینداربوونی چەند هاووڵاتییەک دەستی بەسەردا گیرا".

پێچەوانەوی ئەو دەزگایانەی تر، دەزگای ئیستیخباراتی ڕژێم لە ڕانیە، بەرگرییەکی توندیان بەرامبەر ڕاپەڕینی دانیشتووانی ڕانییە کردووە، نیازی هۆکارکەیشی بۆ ئەو زەبر و زەنگەی دەزگاکە بەرامبەر خەڵکی سڤیلی شارەکە گێڕایەوە، کەوا بەشێکی سەرەکی بوون لە سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی کورد، بە کوشتن و لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدانیان، ئەو بینایە لە سەر ڕێگەی قەڵادزێ بووە، ئێستا بووەتە پەیمانگای هوونەرە جوانەکان، نیازی زیاتر گوتی: "ئەو بینایەی ئیستیخبارات، زیاتر لە ٣٠ بۆ ٤٠ ئیستیخباراتی تێدابوو، لە کاتی چوونی هاووڵاتییان بۆ ئەوێ، ئەوان بەرگرییەکی سەختییان کرد، کە لە نیوەڕۆ تاوەکو سەعات ٣ی دوانیوەڕۆ بەردەوام بوو"، ئەو بە ئەسەفەوە باسی لە ٣ شەهید کرد و زیاتر لە ٢٠ کەسیش بریندار بوون، لە ئەنجامی بەرگرییەکی سەختی پیاوانی ئەو دەزگا داپڵۆسێنەرەی بەعس، کە کردوویانە و ڕووبەڕووی هاووڵاتییان بوونەتەوە.

نیازی گوتیشی: "نزیکەی سەعات سێ کە زانییان هیچیان بۆ ناکرێ، پیاوانی ئیستیخبارات خۆیان ڕادەستی گەل کرد و لەوێش هەموویان بە سزای گەل و  نیشتیمان گەیەندران، چونکە ئەوانە دەستیان لە کوشتن و شوێنبرزکردن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی سڤیل هەبوو، ئەوە بوو تا سێ بۆ سێ و نیو تەواوی شارۆچکەی ڕانییە لە پیاوانی ڕژێم پاک کرایەوە".

ڕانییە دەستەوەستان نەبوو

وێڕای بوونی فیرقەی ٢٤ی ڕژێم لە ناوچەکە و ترسی هاووڵاتییانی ڕانیە لە بۆردوومانکردنیان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن ڕژێمەوە، هاوکات بە هاناوەنەهاتنی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرەی کوردستانی، بە هۆی دووری و بوونی بەفرێکی زۆر لە سنوور، بەڵام خەڵکی شارەکە پشتیان بە هێز و بازووی خۆیان بەستووە، وەک نیازی تیشکی خستە سەر، دوو لیژنەیان پێک هێناوە، لیژنەی سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەکانی ناو شار، کە ئیشییان ڕێکخستنی خەڵکەکە و چاودێریکرنی سەربازە دیلەکانی ڕژێم بووە، هاوکات لیژنەی ڕاگەیاندن، کە خودی نیازی محەمەد عەزیز سەرپەرشتی کردووە، "ئەو دوو دەستەش خۆبەخشانە کارەکانمان بە شێوەیەکی تۆکمە بەڕێوە دەبرد، کە پێکهات بووین لە لایەنگر و تەنزیمییەکانی سەرجەم پارتەکانی بەرەی کوردستانی".

 

دواتر خەڵکی ڕاپەڕیوی شارۆچکەکە، وەک نیازی گوتی، بێ ئەوەی هیچ پاڵپشتییەکیان هەبێت، بەرەو سەربازگەیەک لە دەربەندی ڕانیە دەچن و دەستی بەسەردا دەگرن، پاشان بەرەو پشدەر و بەری مەرگە، بەبێ پشتیوانیی پێشمەرگە دەست بەسەر سەربازگەکاندا دەگرن.

 

سەربازگەیەک دوو ڕۆژ بەرگری دەکات، فەرماندەکەی دەسگیر دەکرێت

دوای دەستبەسەراگرتنی چەند سەربازگەیەک، هاووڵاتییانی ڕانیە هێرش دەکەنە سەر سەربازگەی قادراوای نزیک سەنگەسەر، بەڵام لە ٥ ئازار، تاوەکو ٧ی ئازار بەرگری دەکەن، وەک بەشداربووەکە باسی کرد، دوای کوژرانی ژمارەیەک سەرباز و زانییان چاریان نەماوە، خۆیان ڕادەستی گەل کرد، فەرماندەکەشیان ناوی عەمید زەنوون بووە، "بە داخەوە کە لەو شەڕەدا ٩ کوڕی خوێنگەرم و تینووی ئازادی شەهید بوون و زیاتر لە ٥٠ کەسیش بریندار بوون".

چوارقوڕنە سەرکوت دەکرێت

بەشداربووەکەی ڕاپەڕینی ڕانیە، باسی لەوە کرد، کە حاجییاوا، ئەوکات ئۆردووگا بوو، ڕاپەڕی، بەڵام چوارقوڕنە لە لایەن هێزەکانی ڕژێمەوە سەرکوت کرا، هێزێکی زۆری ڕژێم چوونە ئەوێ، دواتریش گیریان خوارد نەشیاندەتوانی بێنەوە ڕانیە، پاشان چوونە ناو فیرقەی ٢٤، بەڵام ڕۆژی دووەم خەڵکی چوارقوڕنە جموجووڵیان دەست پێ کردەوە، ئەوە بوو جەماوەری ڕانیە و حاجیاوا بۆ پشتیوانی و سەرخستنی ڕاپەڕینەکە بەرەو فیرقەی ٢٤ی سەربازیگەی ڕژێم ڕۆیشتن، کە دەکەوێتە نێوان ڕانیە و چوارقوڕنە، نیازی باس لە چوونی نامەی بەرەی کوردستانی دەکات بۆی کە کەس نەکوژێت، گوتی: "قاید فرقەکە ناوی عەمید ستار بوو، ئیعازیشیان پێ درابوو کە بە هاوەنی کیمیایی چوارقوڕنە کیمیاباران بکات، بەڵام ناوبراو ئەو کارەی نەکرد، هە ئێستاش هەمان عەمید ستار لە کولیەیەکی ئەرکانی هەمان سەربازگە، کە قلعەی پێ ئەڵێن ئەفسەرە، کە پێم وابێ شیعە بوو، بۆیە ڕەتی کردبووەوە، چەکی کیمیایی بەکار بێنێت".

 

هاتنی سەرۆک بارزانی و هێزەکانی پێشمەرگە

نیازی دەڵێ، دوای دوو ڕۆژ لە ڕاپەڕینی خەڵکی ڕانییە، وردە وردە مەفرەزەکانی پێشمەرگە، کە پێک هاتبوون لە پارتی و یەکێتی و سۆسیالیست و بەشێکی کەمی بزووتنەوەی ئیسلامی هاتنە ناو شارۆچکەکە، "هاتنی ئەو هێزانە بووە مایەی دڵخۆشی و بەرزترکردنەوەی ورەی خەڵک، چونکە هێزی پێشمەرگە بە مونەزەمی شەڕی دەکرد و چەکی پێشکەوتووی پێ بوو، هێزێکی گەورەی پارتییش هاتن و لە ماڵی ئەحمەدی ساڵح بەگ دامەزران و بنکەیان دانا و جیهازیان بۆ سەرەوە کرد".

سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا لە سنوونێ بوون، بە  هۆی بەفرێکی زۆر و نەبوونی ڕێگە، نەیانتوانیبوو بێنە ناو شارەوە، وەک نیازی باسی کرد، لە لایەن خەڵکییەوە هەندێ پیکاب و لۆری و ئەو ئۆتۆمبێلانەی توانای ڕێگەڕۆیشتنیان بەسەر بەفردا هەبووە، بەرەو پیری سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا و هێزەکانیان چوون و لە ١١ی مانگ هاتنە ناو ڕانیە".

ناوبراو هاتنی سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا، بە تایبەتیش سەرۆک بارزانی بۆ ناو ڕانیەی تازەئازادکراو، بووە مایەی درووستبوونی ورەیەکی یەکجار گەورە، هەر لەو مزگەوتەی کە کردبوومانە ئێزگەیەک بانگەوازی هاتنی سەرۆک بارزانیم ڕاگەیاند، کە بووە چەپڵەرێزان و دڵخۆشیی خەڵکی و متمانەیەکی زۆری ڕاپەڕیوانی دەستی زوڵم و زۆری بەعس، کە سەرکردەیەکی وەک سەرۆک بارزانی هاتووەتە ناو شارۆچکەیەکی ئازادکراو، جۆرێک لە پشتئەستووری دروست بوو.

هەر لە ڕانیە سەرۆک بارزانی وتارێک پێشکەشی دانیشتوانی شارۆچکەکە دەکات و دەڵێت: "راپەڕین و قوربانی و فیداکاری خەڵکی ڕانیە، بارتەقای ٣٠ ساڵ خەباتی شۆڕشی کوردە"، ئەو وتەش تا ئێستا لە زیهنی ڕانیەییەکاندا ماوەتەوە.

سەرۆک بارزانی لە ڕانیەوە هێزەکان ڕێک دەخات

نیازی باسیش لە چۆنییەتی ڕێکخستن و دانانی بەرنامەی هێزە کورد و خەڵکە خۆبەخشەکان دەکات، لە لایەن سەرۆک بارزانی و نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت ڕەسووڵ و، دەڵێ: "هێزەکان دابەش کران، بەشێکیان بەرەو دووکان و سلێمانی، هێزێکی تر بەرەو کۆیە، کە لە چنارۆک تووشی شەڕێکی سەخت بوون، هێزێکی تریش بەرەو شەقڵاوە، جەنابی سەرۆک بەرەو کۆیە و هەولێر بەڕێ کەوت."

 

١٤ی ئازار سەرۆک بارزانی وتارە مێژوویییەکەی لە کۆیە دەخوێنێتەوە، مژدەی هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان بە هاووڵاتییانی باشووری کوردستان دەدات، خەڵکی، خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبەردنی هەرێمدا دەبێت.

 

ڕانیە تاوەکو معەسکەر خالیدی کەرکووک شەهید و برینداری داوە

دوای هاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ڕانیە و دابەشکردنی هێزەکان بەرەو شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ڕووش لە کەرکووکی دڵی کوردستان دەکرێت، تا لە ٢٠ی ئازار وێڕای بەرگریی سەختی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس، کەرکووکیش ڕزگار دەکرێت، بەڵام وەک نیازی ئاماژەی بۆ کرد، لە سەربازگەی خالیدی ڕژێم بەرگری بەهێز کراوە و دواتر بە ڕێگەپێدانی هاوپەیمانان، ڕژێم فڕۆکە جەنگییەکانی دژ بە هێزی پێشمەرگە و خەڵکی ڕاپەڕیوی ئەو شارە ڕەسەنەی کورد و خۆبەخشانی کوردی شار و شارۆچکە بەشداربووەکانی ئازادکردنەوەی کەرکووک بەکار هێناوە و بووەتە هۆی کشانەوەیان، وەک خۆیشی گوتی: "رانیە، ئەو شارەی بووە سەرمەشق و بڵێسەی ئاگری ڕاپەڕینی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتی ڕانیە هەر لە سەرەتای ڕاپەڕینی شارۆچکەکە تاوەکو کەرکووک، کە بەشدار بوون، شەهید بوون، زیاتر لە ١٢٠ کەسیشمان بریندار بوون".

یەکەم شەهیدی ڕاپەڕین

لە کاتی ڕاپەڕینی خەڵکی ڕانیە لە ٥ی ئازاری ١٩٩١دا، کە دواتریش ناوی ئەو شارۆچکەیە بە دەروازەی ڕاپەڕین ناسێندرا، کەسێک بە ناوی فەرحان شاوری بریندار دەبێت، بەڵام لە منەزەمەی بەعس وەک نیازی باسی دەکات و خۆی لەوێ ئامادە بووە، نهۆمی بنەوەی منەزەمەکە لە لایەن خەڵکەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لە نهۆمی سەرەوەش پیاوانی ڕژێم بەرگرییان کردووە و دوو کەس لەسەر قادرمەکان پێکراون، بە ناوەکانی عەزیز بچکۆل، کە لەوێدا شەهید بوو، هاوکات محەمەد هەمزە بریندار بوو و ڕەوانەی نەخۆشخانەمان کرد، کە دواتر ئەویش شەهید بوو، دواتریش خالید فەقێ قادر شەهید بوو.

 

نیازی باس لە عەزیز بچکۆل دەکات و بە قارەمان ناوزەدی دەکات، کاتێ لە سەر قادرمەکانەوە، هێرش بۆ سەر پیاوانی ڕژێمی بەعس دەبات، بەداخەوە دەپێکرێت و دەمودەست لەوێدا و لە پێناو ئازادغی گەلەکەی گیانی پاکی دەکاتە قوربانی، "بەو پێیەی خۆم بەشدارغی ڕاپەڕینەکە بووم، زۆریش گەڕاوم بە شوێن زانیاریغ تردا، هاوکات نامیلکەم لەسەر مێژووی ڕاپەڕینی شارۆچکەی ڕانیە نووسیوە، بۆم دەرکەوتووە یەکەم شەهید، عەزیز بچکۆل بووە".

 

هۆنراوەکەی نیازی لە ساڵیادی ڕاپەڕینەکەی ڕانیە دەبێتە سروودێکی نیشتمانی

وێڕای شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس، حەسیب قەرەداغی، مهاباد قەرەداغی، عەبدوڵڵا پەشێو، وەک هێمایەک بۆ گیانفیدایی خەڵکی ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، نیازی محەمەد، کە ئەوکات ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ڕاگەیاندنی لە ڕاپەڕینەکەدا پێ سپێردراوە، سروودێک بە ناوی ٥ی ئازار دەنووسێت، وەک خۆی ئاماژەی پێ دا، لە سروودەکەیدا دەڵێ: شاری ڕانیەی قارەمان.. مەڵبەندی بەچکە شێران، گوتیشی "لە لایەن تیپی مۆسیقای ڕانیە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٩٢ تۆمار کرا و لە ساڵیادی یەکەمی ڕاپەڕینی ڕانیەدا وەک مارشێک پێشکەش کرا، ئێستاشی لەگەڵ بێت، ئەو سروودە هەموو ساڵێک لەو یادە مەزنەدا پەخش دەکرێت".

Paylas: