دەستبەسەر کرانی ٦ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پەیاما کورد ـ لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هێزە ئەمنییەکانی ئێران ٦ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە و لە ماوەی ١٥ رۆژدا ٤١ کەس دەستبەسەر کراون.
بەپێی هەواڵێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“ بڵاوی کردووەتەوە، شەوی پێنج شەممە (١٢ی تەمووز)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێران لە شاری بۆکان، سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی موشیرئاوای ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
ناسنامەی ئەو سێ هاووڵاتییە کورد کاوە خزری، ئاکام خزری کوڕی کاوە و کامیل خزری برای کاوە ڕاگەیەندراوە
هەروەها ڕۆژی شەممە ١٤ی تەمووز)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی سێ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی تەنگیسەر و دەستبەسەریانیان کردووە.
ناسنامەی ئەو سێ کەسە بە شێوەی خوارەوەیە؛
١ـ سیروان ئەرغەوانی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕێ خوداکەرەم
٢ـ ئەمیر ڕەزایی تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی جەمیل
٣ـ فەرزاد سادقیان تەمەن ٣٤ ساڵ و کوڕی حەبیب
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا ٤١ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.