دژە تیرۆری کوردستان وڵامی ئەبوئالا وەلائی دایەوە
پەیامی کوردستان… دژە تیرۆری کوردستان وڵامی ئەبوئالا وەلائی دایەوە
دژە تیرۆری کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) وەڵامی ئەبوئالا وەلائی، بەرپرسی کەتیبەکانی سەید شوهەدای سەر بە حەشدی شەعبی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت: "ئێوە نە نوێنەرایەتی عێراق دەکەن و نە خاوەنی هیچ پێگەیەکی فەرمین، تیرۆریستێكی ترسنۆکن کە لەسەر خواستی ئاغاکانتان وڵات وێران دەکەن".
دەقی وەڵامەکە:
وەڵامێک بۆ ئەبوئالا وەلائی
نە نوێنەرایەتی عێراق دەکەن و نە خاوەنی هیچ پێگەیەکی فەرمین، تیرۆریستێكی ترسنۆکن کە لەسەر خواستی ئاغاکانتان وڵات وێران دەکەن و هەر رۆژەو لە شوێنێک کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، هاووڵاتیی سڤیل دەکەنە قوربانی و شوێنە گشتییەکان و فڕۆکەخانە مەدەنییەکان مووشەکباران دەکەن و پەلاماری هاوپەیمانان دەدەن.
وڵاتیك بودجەکەی بە دەست ئێوە بێت و ئێوە بڕیاری لەبارەوە بدەن، بێگومان ئەوە ئەنجامەکەیەتی کە دەبێ ژیانی هاووڵاتیانی پڕ لە مەرگەسات بێت و لەژێر هێڵی هەژاریدا بژین و لەسەر زبڵەکانی لێواری شار بۆ ژەمێک خۆراک بگەڕێن.
رقوکینەتان لە بەرامبەر سەرۆک بارزانی لە 16ی ئۆکتۆبەر تاقی کردەوە، بەڵام شکست و سەرشۆڕیتان بۆ مایەوە.
دژە تیرۆری کوردستان