TR KU SO
FB X
Kurdistan

دوو بەندکراوی کورد لەسێدارە دران

Navas Jan
Admin
📅 18 Temmuz 2023 22:43

پەیامی کورد... دوو بەندکراوی کورد لەسێدارە دران


سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی حەبیبوڵڵا ئیلخانی، خەڵکی شارۆچکەی نۆدشەی سەر بە شاری پاوە و قاسم سەیدحوسێنی، خەڵکی شاری مەهاباد، پاش ١٢ و ١٨ ساڵ بەندکران لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان و بەندیخانەی ئورمیە جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (١٨ی جولایی ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی بەندکراوێک بە ناوی حەبیبوڵڵا ئیلخانی، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شارۆچکەی نۆدشە لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوادی کرماشان جێبەجێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە پێش ئەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، مامۆستای قوتابخانە بووە و ١٢ ساڵ لەمەوبەر بە "پاساوی شەرەف" کەسێکی بە ناو "شۆڕش" کوشتووە و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە.

هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی دیکە بە ناوی قاسم سەیدحوسێنی، تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کراوە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی سەیدحوسێنی؛ قاسم سەیدحوسێنی، ١٨ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. لەو ماوەیەدا لە بەندیخانەی مەهاباد ڕاگیراوە و حەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو بەندکراوە کوردە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەریی ئەو حکوومەتە بڵاو نەکراوەتەوە.

Paylas: