غەدرێکی گەورە بەرامبەر بە پێشمەرگە ئاشکرا كرا
غەدرێکی دیکەی حکومەتی عیراق لەھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە ئاشکرادەکرێت، لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانیش لەو ڕوەوە ھاتەدەنگ و ئەندامێکی ئەو لیژنەیەش زانیاری ئاشکرادەکات سەبارەت بەتەرخانکردنی پارە بۆ چەک و تەقەمەنی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەران ڕاگەیاند، "بەداخەوە لەماوەی چوارساڵی ڕابردودا کە ئەندامی لیژنەکە بوم بەدواداچونم کردوە، حکومەتی عیراق ھیچکات ئامادەنەبوە چەک و تەقەمەنی بۆ ھێزی پێشمەرگە دابین بکات، لەکاتێکدا پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا بوەو دەوڵەتانی ئەوروپا ھاوکاری سەربازیی و لۆجستیان کردوە".
وتیشی: "لەیاسای بودجەی 2007دا لە مادەی 37ی یاساکەدا بەپێویست زانراوە عیراق، ھێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لەوەزارەتی بەرگری عیراق سەیربکات و پارەی پێویستی بۆ تەرخانبکات بەمەبەستی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە".
ئەوەشی ڕونکردەوە، "لەساڵی 2007ەوە تا ئێستا بەغدا ئامادەنەبوە کار بەو بڕگەیە بکات و غەدر لەھێزەکانی پێشمەرگە دەکات، لەکاتێکدا ھەموو ساڵێک ئەو بڕگەیە لەیاسای بودجەدا دادەنرێتەوە، بەڵام کاری پێناکرێت، جگەلەوەش ھیچ بڕە پارەیەکیش کە تایبەتبێت بەدابینکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ھێزی پێشمەرگە خەرجناکرێت لەلایەن حکومەتی عیراقەوە".