هیچ ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نەماوە
پەرلەمانتارێكی كوردی سەر بە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق وێرای ڕەت کردنەوەی هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە نێوان هەولێر و بەغدا، ڕایگەیاند: هیچ ڕێگەیەک بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئاڵا تالەبانی لە وتووێژێکدا لە گەڵ تۆڕی هەواڵی سلێمانی (SNN)، وتی: لە نێوان هەر دوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا، جگە لە ڕێکكەوتن لە سەر یاسای بودجە، هیچ ڕێکكەوتنێكی نووسراو (فەرمی) نییە و ئەو لیژنانەی هاتوونەتە هەرێم بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، تەنها لیژنەن و وەفدی باڵا نین.
پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق وتیشی: تەنها چەند چاوپێكەوتنێک لە پەراوێزی كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان لە دەرەوەی ووڵات لە نێوان هەر دوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا كراوە و ناویان ناوە ڕێکكەوتن كە بەشێكی زۆر لە حكوومەتی عێراقیش ئاگاداری نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا: كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا، لە نێوان دوو كەسدا نییە، بەڵكوو كێشەی هەرێمێكە لە گەڵ حكوومەتی ناوەند، ئەوەی ئێستاش زۆر گرنگ بێت كێشەی مووچەی فەرمانبەرانە، كێشەكانی دیكەی هەرێم لەگەڵ بەغدا چارەسەر كردنیان كۆتایی پێهاتووە و باس ناكرێت، چونکە هیچ ڕێگایەک نەماوە بۆ چارەسەر كردنیان.
ئاڵا تاڵەبانی جەختی كردەوە لە ئێستادا پێویستە وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆ بێتەوە، ئەوەش لە ئێستادا ئاسان نییە، چونکە هەڵمەتی هەڵبژاردن ماوەیەکی كەمی ماوە و حكوومەتی عێراقیش سەرقاڵی ئەو پرۆسەیە دەبێت.